top of page

دەربارەی ئێمە

 دەستەی كارگێڕی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (4)ی ساڵی 2002


به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (2)ی رۆژی 19/3/2012 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:


یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2012 
یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای یه‌كێتی
مامۆستایانی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (4)ی ساڵی 2002

 

مادده‌ی یه‌كه‌م:
برگه‌ی (7)ی مادده‌ی یه‌كه‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
مامۆستا: هه‌موو مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ وپه‌یمانگا حكومییه‌ تایبه‌تی و ئه‌هلییه‌كان.

 

مادده‌ی دووه‌م:
مادده‌ی دووه‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ یه‌كێتییه‌ك به‌ ناوی (یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ـ عیراق) داده‌مه‌زرێت، باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌بێت و بۆی هه‌یه‌ له‌ پارێزگاكان وهه‌ر      یه‌كه‌یه‌كی كارگێڕی لق بكاته‌وه‌ به‌ مه‌رجێك ژماره‌ی ئه‌ندامانی تێیدا له‌ (3500) مامۆستا كه‌متر نه‌بێت، له‌گه‌لأ ڕه‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندی مامۆستایانی زانكۆ.

 

مادده‌ی سێیه‌م: 
مادده‌ی پێنجه‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
   أ‌-    ئه‌ندامیه‌تی له‌ یه‌كێتی مافێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌:
     1-    هه‌موو مامۆستایان و وانه‌بێژانی قوتابخانه‌ و په‌یمانگا و زانكۆ حكومییه‌ تایبه‌تییه‌كان و ئه‌هلیه‌كان.
     2-     هه‌موو مامۆستایان و، سه‌رپه‌رشتیاران و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی فێركاری و ده‌رس وتنه‌وه‌، كه‌ كارمه‌ندی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌یی و فێركردنن.

     3-    خانه‌نیشانی ئه‌ندام له‌ ده‌سته‌ی فێركاری و ده‌رس وتنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی به‌ داواكارییه‌كی نووسراو.

   ب ـ مامۆستایانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان چ ئه‌وانه‌ی شه‌هیدبوون و چ ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماون ده‌بنه‌ ئه‌ندامی فه‌خری.

 

مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م:
برگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی شه‌شه‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێـت:
   (ده‌سته‌ی گشتی و كۆنگره‌).

 دووه‌م: بڕگه‌یه‌ك بۆ مادده‌ی شه‌شه‌م به‌ زنجیره‌ی (6) زیاد ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
   

    6- نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ قوتابخانه‌ و دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن.
مادده‌ی پێنجه‌م: 
یه‌كه‌م: برگه‌ی (أ) له‌ مادده‌ی حه‌وته‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
أ‌-    ده‌سته‌ی گشتی له‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی یه‌كێتی پێكدێت كه‌ پابه‌ندن به‌ بڕگه‌كانی ئه‌م یاسایه‌وه‌ و، به‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵات تێیدا داده‌نرێت و هه‌موو چوار سالأ جارێك له‌ باره‌گای یه‌كێتی به‌مه‌به‌ستی گرێدانی كۆنگره‌ی گشتی كۆ ده‌بێته‌وه‌، له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رانیانه‌وه‌ به‌ رێژه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزی، بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت دیاریده‌كات كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 15 ئه‌ندامی سه‌ره‌كی و 4 ئه‌ندامی یه‌ده‌گ و، نیسابیش به‌ دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامان ته‌واو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نیساب ته‌واو نه‌بوو هه‌ڵبژاردن دوای تێپه‌ڕینی 15 پازده‌ رۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌نجام ده‌درێت، و نیساب به‌ ته‌واوبوو داده‌نرێت ژماره‌ی نوێنه‌رانی ئاماده‌بوو هه‌رچه‌ند بێت.
دووه‌م: بڕگه‌ی (ب) له‌ مادده‌ی حه‌وته‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
سه‌رۆكی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزی و مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت وسه‌رۆك لقه‌كان ده‌بنه‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌، و ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزیش بۆی هه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و كه‌سایه‌تیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی هه‌رێم وه‌ك ئه‌ندامی كۆنگره‌ زیاد بكات و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ی بۆ ئه‌م كاره‌ پێویستن بدات، به‌ مه‌رجێك كه‌ له‌ 15 نوێنه‌ر پتر نه‌بن. 

 

مادده‌ی شه‌شه‌م: 
مادده‌ی هه‌شته‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
مه‌رجه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی یان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت یان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزی و سه‌رۆكی لق وئه‌ندامی ده‌سته‌ی لق هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم بێت و ماوه‌ی خزمه‌تی له‌ په‌روه‌رده‌و فێركردندا له‌ (5) ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
مادده‌ی یازده‌هه‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
أ ـ لێكۆڵینه‌وه‌ و گفتوگۆ و پێشكه‌شكردنی پێشنیاری هه‌مواری یاسای بیمه‌ (الچمان) به‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیه‌وه‌.
ب ـ لێكۆڵینه‌وه‌ و گفتوگۆی یاسای یه‌كێتی و پێشكه‌شكردنی پێشنیار بۆ هه‌مواركردنی.
ج ـ لێكۆڵینه‌وه‌ و گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر په‌یره‌وی ناوخۆی یه‌كیتی و په‌سه‌ندكردنی.
د ـ لێكۆڵینه‌وه‌ رێكخستنی ئه‌رك و فرمانی لیژنه‌كانی كۆنگره‌ی گشتی و په‌سه‌ندكردنی راپۆرتی كارگیری و دارایی.
ه ـ لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی یه‌كێتی له‌ ماوه‌ی نێوان هه‌ر دوو كۆنگره‌دا.
و ـ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت.
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
زنجیره‌ (3) له‌ مادده‌ی دوازده‌هه‌می یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
3- سه‌رۆك لقه‌كان.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
مادده‌ی سێزده‌یه‌می یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
یه‌كه‌م: 
أ- مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت به‌ ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزیی یه‌كێتی داده‌نرێت، له‌نێو ئه‌ندامانیشدا دوو جێگر هه‌ڵده‌بژێرێت و كاره‌كان له‌ نێوان ئه‌ندامانیدا دابه‌ش ده‌كات، سه‌رۆكی یه‌كێتی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت ده‌بێت و به‌ ئاماده‌بوونیشی كۆبوونه‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و گرێده‌درێت.
ب- له‌ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت ڕه‌چاوی نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی توركمان و كلدان سریان ئاشوور ده‌كرێت.
دووه‌م: بڕگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی سێزده‌یه‌م لاده‌برێت.
سێیه‌م: خاڵی پێنجه‌می بڕگه‌ی سێیه‌می مادده‌كه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
5-    كاركردن بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌لأ سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی مامۆستایان و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ كوردستان ـ عیراقدا بكات.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
ماده‌ی چوارده‌یه‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌كانی لق:
1- نوێنه‌ری لقه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌ندامیه‌تی كۆنگره‌ی گشتی هه‌ڵبژێردراون پاش ته‌واوبوونی كاره‌كانی كۆنگره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی لق له‌ نێوان خۆیاندا بۆ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی له‌وه‌ كه‌متر نابێت كه‌ له‌ مادده‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ و له‌ (9) ئه‌ندامی ره‌سه‌ن و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌ پارێزگاكان و (7) ئه‌ندامی ره‌سه‌ن و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌ یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كانی دیكه‌ پێك دێت. 
2- ده‌سته‌ی لق له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا سه‌رۆكێك بۆ خۆی و به‌رپرسی لیژنه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت.
دووه‌م: خاڵێك به‌ زنجیره‌ (3) بۆ بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌كه‌ زیاد ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
3- له‌و لقانه‌دا كه‌ نه‌ته‌وه‌كانی توركمان وكلدان سریان ئاشوور بوونیان هه‌یه‌ ره‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ نوێنه‌ریان هه‌بێت.
سێیه‌م: خاڵێك بۆ بڕگه‌ی دووه‌م زیاد ده‌كرێت وده‌بێته‌ خاڵی (3) وبه‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
4-    ده‌سته‌ی لق مانگانه‌ جارێك كۆده‌بێته‌وه‌ و بۆی هه‌یه‌ هه‌ركات پێویست بوو كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ببه‌ستێت.

 


مادده‌ی یازده‌یه‌م:
خاڵێك بۆ بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی پازده‌یه‌م به‌ زنجیره‌ (4) زیاد ده‌كرێت وبه‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
4- لیژنه‌ی قه‌زا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ ده‌سته‌ی لق، له‌نێوان ده‌سته‌ی مامۆستایاندا، نوێنه‌رێك بۆ یه‌كێتی له‌ دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌ پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و بنكه‌كانیدا وگه‌یاندنی رێنماییه‌كانی یه‌كێتی وئاراسته‌كان پێیان.
مادده‌ی دوازده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: خاڵی (1) له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی شازده‌یه‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێـت:
1- بڕه‌ پاره‌یه‌ك كه‌ ئه‌ندامان به‌ پێی میكانیزمێكی دیاریكراو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزی ده‌یده‌ن، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌كرێت:
أ- 70% حه‌فتا له‌سه‌د بۆ حسابی سندووقی بیمه‌.
ب- 20% بیست له‌سه‌د بۆ حسابی لق.
ج- 10% ده‌ له‌سه‌د بۆ حسابی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت.

دووه‌م: بڕگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی شازده‌یه‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
  دووه‌م: كۆنگره‌ی گشتی چۆنیه‌تی خه‌رجكردن له‌ بڕگه‌كانی (أ، ب، ج)ی یه‌كه‌م دیاری ده‌كات و پێویسته‌ ده‌سته‌ی كارگێری لقه‌كان پابه‌ند بن به‌و رێنماییانه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌رده‌چن، ولیژنه‌ تایبه‌ته‌كان (لیژنه‌ی بیمه‌ و لیژنه‌ی یارمه‌تیدانی ئه‌ندامان) به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌كردنی رێنماییانه‌ پێكده‌هێنرێن.
سێیه‌م: بڕگه‌ی حه‌وته‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
حه‌وته‌م: رێژه‌ی 10% ده‌ له‌سه‌دی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م (ج) داهاتووه‌ له‌لایه‌ن لقه‌وه‌ بۆ سه‌ر حیسابی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت ده‌گوازریته‌وه‌.

مادده‌ی سێزده‌یه‌م:
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌می یاسایه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. 
مادده‌ی چوارده‌یه‌م:
مادده‌ی بیست و سێیه‌می یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێ دێت:
له‌لایه‌ن لقه‌وه‌ و له‌ چوار چێوه‌ی سنووری جوگرافی خۆیدا پێناسه‌ به‌ ئه‌ندامان ده‌دات، به‌ مه‌رجێك نموونه‌كه‌ یه‌كگرتوو بێت و له‌ مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ته‌وه‌ ده‌رچوو بێت.

مادده‌ی پازده‌یه‌م:
له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی شازده‌یه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بلاوكردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژنامی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان)دا، جێبه‌جێ ده‌كرێت.

 

 

                                                                    د.ارسلان بایز اسماعیل
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

 

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌
له‌ پێناوی رێكخستنی باشتری كارو چالاكیه‌كانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ره‌و هێنانه‌ دی ئامانجه‌ پیشه‌یی ومرۆیی و په‌روه‌رده‌یی ودیموكراتیه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.

bottom of page