top of page

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشداری دەیەمین كۆنگرەی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە دەكات

رۆژی ٢٩-٧-٢٠٢٤ دەیەمین كۆنگرەی رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە لەوڵاتی ئەرجەنتین بەرێوەدەچێت و مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی وەكو نوێنەری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشدار دەبێت لەم كۆنگرەیە.

رۆژی ٢٧-٧-٢٠٢٤ سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە وڵاتی ئەرجەنتین ئامادەبوو لە ژمارەیەك چالاكی جۆراوجۆر بەر لە دەستپێكردنی دەیەمین كۆنگرەی رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە كە لەپایتەختی وڵاتی ئەرجەنتین بەرێوەدەچێت.

بەر لەئەنجامدانی كۆنگرە ناوی بەشداربووانی كۆنگرە تۆمار دەكرێت و یەكتر ناسینی شاندەكان بەرێوەدەچێت، هەروەها ژمارەیەك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت بەتایبەت لەبارەی ژینگەی قوتابخانەكان و بارودۆخی مامۆستایان و هەڵسەنگاندن بۆ مووچەی مامۆستایان و گۆرانكاری ژینگە لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە. لەهەمان رۆژ دانیشتنێك لەنێوان رێكخراوەكانی پێكهاتەی عەرەبی ئەنجامدرا كە بڕیاردرا كاندێكی یەكگرتوو هەڵبژێرن بۆ نوێنەرایەتی رێكخراوە عەرەبییەكان لەناو ئەنجوومەنی رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە، هەر لەم دانیشتنەدا مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوەكرد كە سەرەڕای پشتگیری لە مامۆستایانی فەلەستین پێویستە هەوڵبدرێت شەڕو ناكۆییەكان كۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لەدوای كێشەی فەلەستین پێویستە پشتگیری لە داوای رەوای نەتەوەی كورد بكرێت هەرچەندە لە عێراق جۆرێك لەپێشكەوتن هەیە لە جێبەجێكردنی فیدرالی، بەڵام لەوڵاتانی توركیاو ئێران و سوریا هێشتا كێشەكان بەردەوامن، بەتایبەت رەوشی خوێندن و چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان لەهەندێ ناوچە كاریگەری زۆری دروستكردووە. لەهەمان دانیشتندا مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەی بە كاریگەری و قوربانییەكانی شەڕی داعش كرد بەتایبەت كچانی یەزیدی كە پێویستە دەرفەت و هەلی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە و جارێكی دیكە تێكەڵ بە كۆمەڵگا بكرێنەوەو هاوكاری تەواویان بكرێت.

شایەنی باسە، لەم كۆنگرەیە (١٢٠٠) بەشداربوو لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بەشدارن، نزیكەی ٣٥٧ رێكخراو نوێنەرایەتی دەكەن.

وابڕیارە رۆژی ٢٩-٧-٢٠٢٤ دەیەمین كۆنگرەی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە بەرێوەبچێت و رۆژی ٢-٨-٢٠٢٤ كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت.


Comments


bottom of page