top of page

یەكێتی مامۆستایان چۆن و كەی دامەزرا؟

رۆژی15/5 رۆژێكی پڕشنگدارە لە مێژووی خەباتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا

شەست و دوو ساڵ لەمەوبەر مامۆستایانی كوردستان بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنییان تەبەنی كرد، سەرجەم مامۆستایانی كوردستان لە خەمی ئەوەدابوون كە پێویستە مامۆستایانی كوردستانیش وەك مامۆستایانی عیراق ‌و، عەرەب‌ و، جیهان خاوەنی رێكخراوێكی خۆیان بن بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەم رێكخراوەوە بە سەرجەم ئامانجە نیشتمانی ‌و، نەتەوەیی ‌و، پیشەییەكانی خۆیان بگەن ‌و، مامۆستایانی كوردستان لەڕێگەی ئەم رێكخراوە بتوانن بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت لەسەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەیان لەلایەك ‌و، بتوانن ئاستی خوێندەواری كە زۆر لاواز بوو لە كوردستان بەرەو پێشببەن.

لە 15/5/1962 لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە نوێنەری ئەم چینە تێكۆشەرە روویان كردە شاری هەڵمەت‌ و قوربانی، شاری سلێمانی، لە بەرەبەیانی دووەم رۆژی جەژنی قورباندا لە گەڕەكی گۆیژە لەماڵی مامۆستای كۆڵندەر مامۆستا (كامیل بەسیر)دا كۆنگرەی یەكەمی مامۆستایانی كوردستان گرێدرا ئەندامانی كۆنگرە كە بریتی بوون لە (مامۆستا كامیل بەسیر، م. ئەنوەر سەعید دارتاش، م. فائق عارف، م. محەمەد باقی سەعید، م. درەخشان شێخ جەلال، م. كەمال میرزا غەفور، م. بەهیە مەعروف بەرزنجی، م. پەخشان میرزا غەفور، م. مەجید سەعید، م. نوری شێخ رەزا، م. رەفعەت عەبدولڕەحمان، م. محەمەد حەمە سالح (حەمەبۆر)، م. یاسین محەمەد سالح، م. محەمەد مەجید محەمەد ئەسلان، م. عیزەت محەمەد ئەمین عەلی، م. ئەحمەد رەشوانی، م. ئیسماعیل ئیبراهیم، م. روناك عەبدوڵڵا زوهدی، م. سەعید عەبدولكەریم موراد، م. ئیبراهیم سەعید، م. بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی، م. قادر حاجی محەمەد، م. محەمەد سەعید سابیر، م. عەبدوڵڵا زێباری، م. عەلی هەژار، م. شێح حوسێن ئەتروشی، م. ئەمین حاجی بلال، م. عارف عەبدوڵڵا، م. حوسێن ساڵح ئاغا، م. ئەنجوم عەبدوڵڵا زوهدی، مامۆستا پاكیزە شەكیب، م. عەبدوڵڵا ئەژدەر، م. نوری عارف، م. جەمال ساڵح سەعید، م. فەرەیدون عەلی ئەمین).

كۆنگرەكە دوو رۆژی خایاند، بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆو پرۆگرامی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كرا، لەدواییدا گەڵاڵەی لیژنەكان كراو پەسەند كراو چەندین بڕیار و راسپارە ئاڕاستەی سەركردایەتی شۆڕشی كوردستان كرا. لەم كۆنگرەیەدا بەڕێزان مامۆستا (كامل بەسیر) بە یەكەمین سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەڵبژێردرا و مامۆستا ئەنوەر سەعید دارتاش بە جێگر و مامۆستایان (فائق عارف، محەمەد باقی سەعید) بە ئەندامانی سكرتارییەت پاشان لیژنەی تەنفیزی جگە لە ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت لە هەشت ئەندام پێك هاتن كە ئەمانە بوون: (م. درەخشان شێخ جەلال حەفید، كەمال میرزا غەفور، م. بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی، لەگەڵ بەرپرسی لقی سلێمانی، هەولێر كەركوك، لقی دهۆك، نەینەوا، لقی ناوەڕاست‌ و خوارووی عیراق).

هەر لەم كاتەدا لقەكانی، سلێمانی، كەركوك، هەولێر دامەزران‌ و لقی دهۆك ــ نەینەوا لەلایەن لقی هەولێرەوە كارەكانی دەچوو بەڕێوە و، لیژنەیەكیش دانرا بۆ لقی ناوەند و خوارووی عیراق هەر لەم ماوەیەدا ئەم بەڕێزانەش پەیوەندییان كرد بە لقەكانەوە بوو بە ئەندام لە لقی هەولێر. پاش تەواوبوونی كۆنگرەی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا مژدەی سەركەوتنی كۆنگرە راگەیەندراو بڵاوكرایەوە و درا بە گوێی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.


⚪️ عومەر محەمەد ئەمین



Comments


bottom of page