top of page

یەكێتی مامۆستایان (١٠٠) سیمینار لەناوەندەكانی خوێندن ئەنجام دەدات

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوكاری لەگەڵ كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان هەڵدەستێ بەئەنجامدانی سەد سیمینار لە سەد قوتابخانەی سنووری پەروەردەی گشتی هەولێر.

بۆ ئەم مەبەستە رۆژی چوارشەممە ١-١١-٢٠٢٣ لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەك سازكرا بۆ (١٠) دە توێژەری كۆمەڵایەتی و رێنماییكاری پەروەردەیی كە بەهاوكاری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان (١٠٠) سیمینار ئەنجام دەدەن.

ئەنجامدانی سەد سیمینار كە چەند بوارێكی لەخۆ گرتووە لەوانە: (كاریگەری سۆشیال میدیاو خراپ بەكارهێنانی لەلایەن گەنجان، مادەی هۆشبەر، هاوسەرگیری پێشوەختە، پاك و خاوێنی و ژینگە، خەمۆكی، دڵەڕاوكێ، هەستی خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان، چەند دیاردەیەكی دیكە كە لە ناوەندەكانی خوێندن هەستی پێدەكرێت).

بۆ ئەم مەبەستە نووسراوی فەرمی بۆ پەروەردەكانی ناوەندی هەولێر و بنەسڵاوەو دەوروبەری هەولێرو خەبات و شەقڵاوەو كۆیە كراوە بە مەرجێك ئەو چالاكییانە نەبێتە هۆكاری وەستانی پرۆسەی خوێندن.

جێگەی باسە لەئێستادا یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوكاری كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان خەریكی رێكخستنی بەرنامەو كاری ئەو سیمینارانەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەنجام بدرێت و زۆرترین قوتابی لە قوتابخانەكان بەشداری تێدا بكەن.


Comments


bottom of page