top of page

پەیامی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

  • Writer: یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
    یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
  • Mar 21
  • 1 min read

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

لە کاتێکدا جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دێتەوە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە گشت خەڵکی کوردستان، مامۆستایان و فێرخوازان و خانەوادەکانیان دەکات.

نەورۆز وەک هێمای خۆڕاگری و نوێبوونەوە و سەرکەوتن، هەمیشە سەرچاوەی هیوا و هێز بووە بۆ گەلەکەمان. ئەمڕۆش لەم بۆنە پیرۆزەدا، وێڕای دەربڕینی خۆشی، چەند داواکاری و هیوایەکی گرنگ دەخەینە ڕوو:

١. بە هیوای ئەوەین کە لە ساڵی نوێی کوردیدا، کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت. مافی مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردەیە کە مووچەکانیان بە تەواوی و بە بەردەوامی دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە شانازی و شکۆوە بەردەوام بن لە پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو.

٢. داوا دەکەین کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن، چونکە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کلیلی سەرەکی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە. بوونی حکومەتێکی سەقامگیر کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و باشتربوونی دۆخی ژیانی مامۆستایان و خێزانەکانیان دەبێت.

٣. لە نەورۆزدا، کە هێمای یەکێتی و برایەتییە، داوا دەکەین هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان، پەیامی ئاشتی و تەبایی بەرز بکەنەوە و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگای گفتوگۆی بەرپرسیارانەوە.

٤.هەروەها ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوام بوون لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان و بەرزڕاگرتنی پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی.

لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لەسەرجەم کوردستانیان دەکەین، بە هیوای ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن، خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بۆ گەلەکەمان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.

نەورۆزتان پیرۆز بێت

سەری ساڵتان پیرۆز بێت

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

مەکتەبی سکرتاریەت

٢١ی ئاداری ٢٠٢٥ زاینی

١ی نەورۆزی٢٧٢٥ کوردی



Comments


bottom of page