top of page

پیرۆزبایی مامۆستایانى یەکگرتوو بۆ یادى ٦١ ساڵەى دامەزراندنى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان

بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەت و مەکتەبى تەنفیزى (یەکێتى مامۆستایانى کوردستان)

سڵاوى خواى گەورەتان لێبێ

بەبۆنەى یادى (٦١)ەمین ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى مامۆستایانى کوردستانەوە, پیرۆزبایی گەرم ئاراستەى بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامان ئەکەین لە سەرتاسەرى کوردستاندا..

ئەم بۆنەیە دەکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەى کە پەیامى خۆمان ئاراستەى بەڕێزتان بکەین، بەوەى رێکخراوەکەتان وەک لە ڕابردوودا چەندین وێستگەى گرنگ و هەوراز و نشێوى جیاوازى بۆ هاتۆتە پێش و، توانیویەتى تا ئاستێکى باش وەک چەترى سەرجەم پێکهاتە و ئاراستە و ئایدیا جیاوازەکان بمێنێتەوە، ئاواش لە داهاتوودا زیاتر و باشتر لە خەمى بەدەستهێنانى مافەکانى سەرجەم مامۆستایاندا بێت..

هەروەک ئەوەش بە بیرهەمووان دەهێنینەوە کە پرسى پەروەردەو فێرکردن لە هەرێمى کوردستان گرفتى زۆرى بۆ دروستبووەو پێویستى بە هەوڵى گەورە و لێبڕان هەیە بۆ چارەسەرکردنى، رێکخراوەکەشتان وەک رێکخراوێکى خاوەن مێژوو و دەستکەوتى گەورە، شایانى ئەوەیە ببێتە کۆڵەکەیەکى گرنگى ڕاستکردنى ئەو لاسەنگییە و، لەسەرووى هەموویانەوە بە داکۆکى و پێداگرى زۆر لەسەر دەستخستنەوەى مافە فەوتاوەکانى مامۆستایان لە بژێوى و موچە و پلە بەرزکردنەوەو، هەر ئەرکێکى ترى پەروەردەیی ڕووتان تێ بکات و، لەو پێناوەشدا مکوڕبن و کۆڵ نەدەن، هەروەک ئێمەش لە ڕێگاى نوێنەرەکانمانەوە لە یەکێتییەکەدا پشتگیرى تەواو و بەردەوام دەبین لەو پێناوەدا و، ئەرکى ڕێکخراوەییش زیاتر لەوە ئەخوازێت پێکەوە لە پێناویدا بکۆشین...

لەگەڵ دوبارەى پیرۆزبایی و هیواى سەرکەوتن ..

ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو

١٥ / ٥ / ٢٠٢٣


Comments


bottom of page