top of page

پشووی هاوین كاتێكی زێڕین

سلێمان سلیم رمضان : مامۆستای پەروەردەیی


قوتابخانە دەزگایەكی پەروەردەیی زۆر گرینگە لە دوای خێزان بە پلەی دووەم دێت بۆ پەروەردە و فێركردنی نەوەكانی داهاتوو ، قوتابخانە رۆڵ و پێگەیەكی گرینگی هەیە لەناو كۆمەڵگەدا وەك حكومەتێكی بچووككراوە وایە ، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆڵ و پێگەی قوتابخانە گرینگتر دەبێت .

لە نێو ساڵی خوێندندا چەند جۆرێك پشوومان هەیە درێژترینیان پشووی هاوینە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت ، بەشێك لە وڵاتانی دونیا ئەم پشووە ماوەكەی كەمترە و پلان و خول و چالاكی تایبەتیان هەیە كە لەگەڵ تەمەن و حەز و ئارەزووی قوتابییان دەگونجێت .

كاتێك وەرزی دووەمی خوێندن بە تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم كۆتایی پێدێت پشووی هاوینیش دەست پێدەكات و دەرگای قوتابخانەش بەرووی قوتابییاندا دادەخریت ، تەنها دەستەی كارگێری نەبێت لەهەفتەی دوو ڕۆژ سەردانی قوتابخانە دەكات بەمەبەستی رێكخستنی ئیش و كارەكانی قوتابخانە و قوتابیان .

لە هەندێك وڵاتدا بە نموونە یابان لەكاتی پشوودا دەرگای قوتابخانە كراوە دەبێت بۆ قوتابیان بە نموونە پەرتوكخانەی قوتابخانە لە هەمان كاتدا پەرتوكخانەی هەمان گەرەكە قوتابیان و خانەوادەكەیان سەردانی دەكەن كتێب بە خواستن وەردەگرن بە مەبەستی خوێندنەوە .

دابڕانی سێ مانگی پشووی هاوین كاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر قوتابیان ، پیوێستە وەزارەتی پەروەردە پلانێكی تایبەت دابنێت بۆ ئەم پشووە بەهاوكاری پسپۆران و شارەزایانی بواری پەروەردە و فێركردن بە هەماهەنگی سەرپەرشتیاران و ڕاهێنەران و دەستەی كارگێڕی و مامۆستایان بە مەبەستی سوود وەرگرتن لەپشووی هاوین بۆ خزمەتكردنی زیاتری قوتابیان بۆ دوور كەوتنەوەیان لەتەكنەلۆژیا و یارییە ئەلیكتڕۆنییەكان .

بۆ سوود وەرگرتن لەپشووی هاوین بەشێوازێكی تەندروست و پەروەردەیی ئەم چەند خاڵە دەكەمە دیاری .

1- پەرتووكخانەی قوتابخانە كراوەبێت بۆ قوتابیان و خانەوادەكەیان كە بتوانن سەردانی بكەن و پەرتووك بخوازن بۆ خوێندنەوە .

2- ئەنجامدانی سیمنار لەسەر گرینگی خوێندنەوە بۆ قوتابیان .

3لە نێو قوتابخانەدا خولی جۆراوجۆر بكرێتەوە بۆ قوتابیان وەك :

• خولی وەرزشی بەهەموو جۆرەكانییەوە ( تۆپی پێ ، بالە ، باسكە ، تێنس ............ هتد ) .

• خولی هونەری ( وینەكێشان ، كاری دەستی ، مۆسیقا ، شانۆ ................. هتد ) .

• خولی فێربوونی زمان ( عەرەبی " زمان ......... هتد ) .

• خۆشنووسی .

• فێربوونی كۆمپیوتەر .

• فریاگوزاری سەرەتایی .

• ژینگەپارێزی .

• گەشەپێدانی مرۆیی .

• پەروەردەیی .

• چالاكی جۆراوجۆر و چێژبەخش .

4- گرینگی دان بە بەهرە جیاوازەكانی قوتابیان و دۆزینەوەی بەهرە شاراوەكانیان و هاوكاری ئاڕاستە كردنیان .

5- هۆشیاركردنەوەی قوتابیان لە بەكارهێنانی مۆبایل و یارییەئەلیكتڕۆنییەكان و سود و زیانەكانیان .

6- گرینیدان بە یاساكانی هاتووچۆ و رێنمایی تەندروستی و خۆپاراستن .

7- گرینگیدان بە خۆراكی تەندروست و سودەكانی بۆ جەستەی مرۆڤ .

8- بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییە لاوازەكان لە بابەتەكانی خوێندندا.

9- دەستەی كارگێری و مامۆستایانی هەرقوتابخانەیەك دەستكراوەبن لەدانانی پلان بۆ قوتابیانی قوتابخانەكەیان لە پشووی هاویندا بەومەرجەی ئامانجەكانی وەزارەتی پەروەردە بپێكن .

دەكرێت بۆ ئەمساڵ چەند قوتابخانەیەك بە نموونە وەربگرین ئەو پلانە جێبەجێ بكەین و تاقیبكەینەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا بتوانرێت لەسەرجەم قوتابخانەكانی كوردستان جێبەجێ بكرێت .

سلیمان سلیم

مامۆستای پەروەردەیی


0 views0 comments

Comments


bottom of page