یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بڕیاریداوە رۆژی ٣-١٢-٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدات و ئێستاكەش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكان و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان دەتوانن بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكەن.
بۆ ئەم مەبەستە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لیژنەیەكی باڵای هەڵبژاردنی پێكهێناوە كە سەرپەرشتی كاروبار و ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەن. تا ئێستا هەشت لیست ناوی خۆیان تۆماركردووە ئەوانیش بریتین لە لیستەكانی (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سۆشیالیست، زەحمەتكێشان، هەروەها لیستی توركمان و كلدوئاشووری). بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەر لیستەو ناوێكی دیاریكراوی دەبێت و لەماوەیەكی نزیك بنكەكانی دەنگدان دیاری دەكرێت و ناوی ئەو كەسانە دیاری دەكرێ كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان دەكەن، هەروەها لەماوەیەكی نزیك ناوی كاندیدەكان یەكلایی دەكرێتەوە بۆ ئەم مەبەستە ١٢ بازنە دیاریكراوە.
بەگوێرەی ئاماری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان زیاتر لە (٨٠) هەزار مامۆستا دەتوانن بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرنگیی ئەو پرۆسەیە دەخاتەڕوو.
جێگەی باسە یەكێتیی مامۆستایان لە (15)ی ئایاری ساڵی 1962 دامەزراوە، خاوەنی نزیكەی ٨٠ هەزار ئەندامی خاوەن ناسنامەیە، 12 لقی هەیە، لەشارەکان و قەزاکانی هەرێمی کوردستان، 27 ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و 15 ئەندامی سکرتاریەتی هەیە. ماوەتەوە بڵێین دوایەمین كۆنگرەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆنگرەی ژمارە (١٢) لەساڵی 2011 ئەنجامدراوە.
Comentarios