top of page

هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنی قوتابیان له‌ قوتابخانه‌

كۆمه‌لێك بنه‌ما و ئادابی گشتی هه‌یه‌ پێویسته‌ قوتابیان فێربكرێن له‌ قوتابخانه‌ ، له‌وانه‌ هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌ نێوان خۆیان و به‌رامبه‌ر به‌ مامۆستایان و ئه‌و ژینگه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ی كه‌ تیایدا پرۆسه‌ی خوێندنی تیا به‌ سه‌ر ده‌به‌ن . بۆ ئه‌وه‌ی راست و هه‌ڵه‌ له‌ یه‌ك جیا بكه‌نه‌وه‌ و قوتابی بگاته‌ ئاستی هه‌ڵسوكه‌تی ئه‌رێنییانه‌ له‌ قوتابخانه‌ .

قوتابخانه‌ شوێنێكی نموونه‌ییه‌ بۆ فێربوون و فێركردنی قوتابیان به‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ نێوان خۆیان و به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن گرنگترین ئه‌و ئادابه‌ گشتیانه‌ بریتین له‌ :

1- رێزگرتنی یه‌كتر ، پێویسته‌ قوتابی فێر بكرێت كه‌ رقی له‌ به‌رامبه‌ر نه‌بێته‌وه‌ و دژایه‌تی به‌رامبه‌ر نه‌كات و پێی بگوترێت به‌وه‌ی رێزگرتن بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌ له‌ نێوان هه‌موویان ، رێگه‌ نادرێت قوتابی رێز له‌ قوتابی دیكه‌ نه‌گرێت ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ قوتابی سوپاسی هه‌ر قوتابییه‌ك بكات كه‌ هاوكارو یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت . هه‌روه‌ها پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت متمانه‌ له‌ نێوان یه‌كتریدا دروست بكرێت ئه‌وه‌ش هه‌وڵ و كۆششی پێویسته‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێری و مامۆستایان .

2- قوتابی پێویسته‌ فێر بكرێت كه‌ چۆن خۆی و سه‌لامه‌تی خۆی ده‌پارێزێت ، له‌ رووی ته‌ندروستی ، به‌وه‌ی له‌ كاتی كۆخه‌و په‌سیو بۆ نموونه‌ ده‌سته‌سڕی لا بێت و له‌ كاتی پشمین وا نه‌كات هاوڕێیه‌كه‌ی تووشی نه‌خۆشی بكات و ڤایرۆس بۆ هاورێكانی بڵاوه‌ پێ بكات .

3- په‌نا بۆ وه‌رگرتنی كه‌ل و په‌ل له‌ هاوڕێكه‌ی نه‌بات . پێویسته‌ قوتابیان فێر بكرێن كه‌ هه‌ر كه‌سه‌و پێداویستی خۆی لای خۆی هه‌بێت و دابینی بكات و په‌نا بۆ وه‌رگرتنی كه‌ل و په‌لی قوتابیه‌كی دیكه‌ نه‌بات ، وه‌ ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ بكرێته‌ سیسته‌م له‌ قوتابخانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشێوی له‌ قوتابخانه‌ روونه‌دات .

4- رێزگرتنی هه‌موو كه‌لتور و رۆشنبیرییه‌كان ، واتا پێویسته‌ قوتابی فێر بكرێت رێز له‌ هه‌موو قوتابیان بگرێت ئه‌گه‌ر له‌ رووی زمان و ئاین و كه‌لتور جیاواز بوون

5- قسه‌ی یه‌كتر نه‌بڕن ، واتا له‌ كاتی گفتوگۆدا له‌ نێوان یه‌كترو له‌ گه‌ڵ مامۆستاش فێر بكرێن كاتێك به‌رامبه‌ر قسه‌ ده‌كات پێویسته‌ بوه‌ستی و گوێ بگریت تا ته‌واو ده‌بیت ئینجا تۆ قسه‌ بكه‌یت .

6- راستگۆیی ، پێویسته‌ ئه‌و به‌هایه‌ فێره‌ قوتابی بكرێت كه‌ هه‌میشه‌ راستییه‌كان نه‌شارێته‌وه‌ ، له‌ كاتی راستی گوتندا هیچ كات مه‌ترسییان نه‌بێت .

7- پاراستنی قوتابخانه‌و پاك و خاوێنی ، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رانه‌ی كه‌ پێویسته‌ قوتابی فێر بكرێت ، كه‌ خۆی پاك و خاوێن رابگرێت له‌ جل و به‌رگ و شوشتنی ده‌م و چاوو ددان و هتد ...

له‌ كۆتایی ده‌لێین ئه‌و ئاداب و به‌هایانه‌ هه‌رچه‌ند ساده‌و ساكارن به‌ڵام پێویسته‌ منداڵ فێر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌شی هه‌بێت پڕ بێت له‌ متمانه‌ به‌خۆ بوون .

سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا

سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی

5 views0 comments

Comments


bottom of page