top of page

"لەبەرامبەر خزمەتکردن بە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان"

ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەردە، سوپاس و پێزانین دەبەخشێتە وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى

لەپاى هەوڵەکانى وەک کەسایەتییەکى کاریگەر لەبوارى خوێندنى باڵا و خزمەتکردن بە پرۆسەى خوێندن و فێکردن لە زانکۆکانى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو، ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەردە کە ڕێکخراوێکى ناحکومى سەربەخۆیە، قەڵغانى ئاڵتونى دەبەخشێتە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2023/9/11) د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت بە ئامادەبونى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى، پێشوازیکرد لە جەمال ئەدیب سەرۆکى ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەردەو ستافى ڕێکخراوەکەو سەرۆک و جێگر و ستافى سکرتارییەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان.

لە دەستپێکدا سەرۆکى ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەردە لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەسەردانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لە نزیکەوە ئاگاداربون لە پرۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانى ئەو وەزارەتە لە ناوەندەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش وتى: دەستکەوتەکانتان ئەوەمان پێ دەڵێن لەماوەى ٢٠ ساڵى ڕابروو هێندەى زیاتر لە سەد ساڵ هەنگاوى گرنگتان لە سێکتەرى خوێندنى باڵا و پەروەردەو فێرکردن ناوە، کە ئەمەش بۆ ئێمە جێگەى خۆشحاڵى و ستایش کردنە. هەر بۆ ئەمەشە لەنێو هەموو وڵاتانى ناوچەکە ئێمە هەرێمى کوردستانمان هەڵبژارد بۆ سەردانى کردن و بەستنى کۆڕ و کۆبونەوەى گرنگ لەبوارى پەروەردەدا.

لە درێژەى وتەکەیدا وتى: پاڵپشت بەپێى مادەکانى (١٢و١٣) لە پەیرەوى ناوخۆى ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەدە کە ڕێکخراوێکى ناحکومیە، ئەنجومەنى ئەمینداران بە فەخر و ڕێزلێناوە بڕیاریدا بە پێدانى قەڵغانى ئاڵتونى و سوپاس و پێزانینى ڕێکخراوەکە بە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبەرامبەر ئەو رۆڵەى هەیەتى وەک کەساتییەکى کارا بۆ هەوڵەکانى لە چەند ساڵى ڕابردوو لەپێناو سەرپەرشتى و خزمەتکردن بە پرۆسەى پەروەدەو فێرکردن لە هەرێمى کوردستان و رۆڵى کاریگەرییان لە وەبەرهێنانى پەروەردەیی.

لەبەرامبەردا د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەناوى د. ئارام محمد قادر سوپاسى ئەو ستایش و ڕێزلێنانەى ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەدەى کردو کورتەیەکى لەسەر سیاسەتى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دەستکەوت و ئامانجەکان بۆ وەفدى میوان خستەڕوو و ڕایگەیاند: پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان و هەنگاونان بەرەو سیستمى خوێندنى نێودەوڵەتى و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ زانکۆکان و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی بەشێکن لە دەستکەوتە زانستییەکانمان.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا بریکارى وەزارەت باسى لە رۆڵى ڕێکخراو و سەندیکاکانى تایبەت بە مامۆستایان و پەروەردەو فێرکردن کردو دوپاتیکردەوە سەندیکاو ڕێکخراوەکان ڕۆڵێکى کارا و کاریگەر دەبینن بۆ داکۆکیکردن لە مافى مامۆستایان و پەروەردەکاران و دابینکردنى مافەکانیان و هەوڵدان بۆ ژیانێکى خۆش بۆ ئەم توێژە گرنگەى کۆمەڵگە.

ڕێکخراوى عەرەبى بۆ پەروەردە، لە ساڵى ٢٠١٥ دامەزراوەو ڕێکخراوێکى دیموکراتى و سەربەخۆیەو لە هەریەک لە وڵاتانى مەغریب و تونس و جەزائیر و مصر و فەلەستين و مۆريتانيا و سۆماڵ و يەمەن وسودان كوێت و ئیمارات و بەحرێن و كوردستان و لوبنان نوسینگەى هەیە، بارەگاى سەرەکى ڕێکخراوەکە لە ئێستادا بەشێوەیەکى کاتى لە بەیروتى پایتەختى لوبنانە. ئامانجى سەرەکى ڕێکخراوەکە پەرەپێدانى سێکتەرى پەروەردەو فێرکردن و توێژینەوەى زانستى و پاراستنى ئەرکى پەروەردەیى و راهێنانى مامۆستایان و پەروەردەکارانە لەبوارى پەروەردەو فێرکردن.


Comments


bottom of page