top of page

لە بەغدا بەهارە و لە هەرێمیش وشکە ساڵى!


نوسین: عەبدولواحێد محەمەد


سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەم ناوونیشانە پەیوەندى بەکەش و هەوا و بارانەوە نیە، بەلکو پەیوەندى بەخانەنیشانەوە هەیە، رەنگە بپرسن ئەوە چی داوە بەو توێژە و مەبەستتان چیە، لەو دەستەواژە؟ لەڕاستیدا حاڵى خانەنشینانی حکومەتى مەرکەزى زۆر جیاوازى لەگەڵ ئەوانەى لەژێر سایە و دەسەڵاتى هەرێمدا دەژین هەیە، هەر بەڕاستى لەوێ بەهارە، بەو مانایەى کۆمەڵێک پێدراوى یاسایی و جیاوکی زۆر زیاتریان هەیە بەبەراورد بەو بەڕێزانەى لەهەرێمدا کارکەنارکراون یان دەکرێن کە بریتین لەوانە :

1- مامۆستا و فەرمانبەر بەنزیکەى (80% ) کۆى موچەکەى خانەنشین دەبێت، لەبنەڕەتیشدا لە( 400000) هەزار دینار کەمتر نیە.

2- لەکاتى کارکەناربوون (18)مانگ پاداشت وەردەگرێت.

3- سندوقى خانەنشینی تایبەت هەیە، هیچ پەیوەندیان بە لیستى موچەى مانگانەى فەرمانبەرانەوە نیە هەموو 6-7 مانگان موچەکانیان وەردەگرن بێ ئەوەى یەک رۆژ دوابکەوێت.

4- دەتوانن (25) ملیۆن دینار قەرز وەرگرن بۆ چارەسەرى نەخۆشی یان هەر پێویستیەکیتر.

لەم دواییەش ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کۆمەڵێک بڕیارى تازەى دەرکرد، بۆ ئەوەى زیاتر خزمەتى خانەنشینانى پێوە بکرێت و قەرەبووى ساڵانى خزمەتیان و ئەو هەموو ماندووبونەیان بکرێتەوە ، لەوانە:

1- هەر خانەنشینێک زەوى وەرنەگرتبێت دەبێت پارچە زەویەکى نیشتەجێبوونى پێبدرێت.

2- لەهێلى فڕۆکەوانى عێراقی، لەکاتى سەفەر کردنیاندا 25% نرخى کڕینى پلیتى فڕۆکەیان بۆ دادەبەزێنرێت.

3- بۆ ئەم مانگە هەر خانەنشینێک گوژمەیەک پارەی وەک پاداشت پێدەدرێت.

بێجگە لەو پێدراوە یاسایی و ئیمتیازاتانە، هەموو خانەشینان موچەکانیان کراوەتە کارتى ئەلیکترۆنى، بێ هیچ گرێ و گۆڵ مانگانە لەهەر کوێ بن دەتوانن لە موچەکانى خۆیان بەهرەمەند بن ، جیاوازیش لەنێوان یەکێک بۆ یەکێکیتر یان دەڤەرێک بۆ دەڤەرێکیتر نیە مەگەر خزمەت و پلەى وەزیفیان نەبێت.

ئەوەى خۆمان واتە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە راستەقینانەى خانەنشین دەکرێن، وەک ئەوە وایە لەم هەرێمە هیچیان نەکردبێت و بگرە زیادەبن، خێرا خێرا هەرچی ئیمتیاز هەیە لێیان دادەماڵرێ و بە موچەیەکی زۆر کەمکرایەوە رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە ، وەک:

1- بڕینى دەرماڵەى شەهادە، لەهەموو دنیا شەهادە ناونیشانێکە بە کۆشش و ماندووبوونەوە بەدەست دێت، هیچ لایەنێک بۆى نیە داى بماڵێ، لەبەر ئەوەى بەوە خزمەتى کردووە دەبێت هەر لێیەوە بەهرەمەند بێت،

2- بڕینى دەرماڵەى خێزان و منداڵ ، بەڕاستى هەر ئەوە خۆى لەخۆیدا تاوانە دەرهەق بەخانەنشینان، چونکە لەوەزیفە راستە خانەنشین دەبێت، بەڵام لەبەخێوکردنى ماڵ و منداڵ هەر بەرپرسیار دەبێت، بۆیە مافى خۆیەتى لەو دەرماڵەیە بەهرەمەند بێت.

3- لەکۆى مانگانەى کە خانەنشین دەبێت تەنها 80% موچەى بنەڕەتى پێدەدرێت هەندێک هەیە 200هەزار دینارى بۆ دەردەچێت، مامۆستایەکیش (40) ساڵ خزمەت هەبێت، تەنها (918000) هەزار دینار بۆ دەردەچێت. ئەوەى جێگەى پرسیار و هەڵوێستەکردنە بیرکردنەوە و بڕیارى ئەم حکومەتەیە، ئاخر مامۆستایەک لە کاتی خزمەتیدا دەور و بەری دوو ملیۆن وەربگرێت کە خانەنشین دەبێت چۆن دەتوانێ بە 900 هەزار دینار بژیت، یان فەرمانبەرێک بە 200 هەزار دینار بژیت، هیچ نەبێت با بیر لەخۆیان بکەنەوە، ئایا ئەوەندە تەنها ئاو و ساردەمەنی رۆژانەیانی پێ دەکڕدرێت؟

4- کە خانەشین دەکرێت تەنها (6) مانگ موچەى بنەڕەتى وەک پاداشت پێدەدرێت.

5- باسی ئەوەش ناکەم کە موچەیان پێدەدرێت، چ جۆرە جەزرەبەیەک دەدرێن، مەگەر خوا پێی بزانێت و قبوڵی نەکات.

دواجار بەراوردکاریەکە بۆ خوێنەران بەجێ دەهێڵم، دڵنیام وەکو من دەڵێن، لەبەغدا بەهارە و لەهەرێمیش وشکە ساڵیە .

13 views0 comments

Comments


bottom of page