top of page

شاندێكی يه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان سه‌ردانی شاری به‌غدا ده‌كات

رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 28-2-2024 شاندێكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان سه‌ردانی شاری به‌غدایان كردو له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراقی وێرای گه‌یاندنی په‌یامی پیرۆزبایی هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ستاڤی نوێی مامۆستایانی عێراق خواست.

شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌لایه‌ن به‌رێزان مامۆستا (عودەی ئەلعیساوی) سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق و مامۆستا (عەباس السودانی) جێگری سه‌رۆك له‌باره‌گای سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق پێشوازیان لێكرا. له‌دیدارێكدا شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆزبایی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی نوێی مامۆستایانی عێراق كرد و له‌لایه‌ن به‌رێز نه‌قیبی سه‌ندیكای مامۆستایان سوپاسی شاندی یه‌كێتی مامۆستایانی كرد بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌و جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه، هه‌روه‌ها باس له‌ ره‌وشی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و مامۆستایان كرا كه‌ هه‌مووان به‌رۆحێكی یه‌ك تیمی هاوسه‌نگ كار بكه‌ن بۆ خزمه‌تی مامۆستایان و پێشكه‌ش كردنی هه‌موو ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ شایه‌نی پێگه‌و پیشه‌ی مامۆستایه‌.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستا سوپاسی هه‌ماهه‌نگی و هه‌لوێستی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراقی كردو تیشكی خسته‌سه‌ر‌ ژیان و گوزه‌ران و دۆخی مامۆستایانی كوردستانی كرد و سوپاسی هه‌ڵوێستی مامۆستایانی عیراقی كرد بۆ داكۆكیكردن له‌ مووچه‌ی مامۆستایانی هه‌رێم و هه‌روه‌ها گفتوگۆمان كرد له‌سه‌ر بڕیاری داخستنی قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراقین. هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان له‌ کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی خزمه‌تكردنی مامۆستایان.

له‌كۆتاییدا یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی رۆژی مامۆستایانی عێراق-یان له‌ ته‌واوی مامۆستایانی عێراق پیرۆزكرد كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی 1ی ئادار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ته‌واوی عێراق یادی ئه‌و رۆژه‌ ده‌كرێته‌وه.


Comments


bottom of page