"یەكێتی مامۆستایان بانگهێشتی كۆنگرەیەكی نێودەولەتی دەكرێت"
رۆژی سێشەممە بەرواری ٢٨-١١-٢٠٢٣ لەبارەگای مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پێشوازی كرا لە شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی سەندیکاکان بۆ پاڵپشتی قودس و فەلەستین بە سەرۆکایەتی (ئوسامە عەونی) یاریدەدەری ڕێکخەری گشتی هاوپەیمانی سەندیکاکان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە بەرێزان (عوسمان حسێن) بەڕێوەبەری بازرگانی نێودەوڵەتی و (حسێن ئەلزوبەیدی) ڕێکخەری هاوپەیمانی سەندیکاکان لە عێراق و پرۆفیسۆر (مەحمود لوبنانی).
لەدیدارێكدا سەرۆکی شاندەکە ستایشی هەڵوێستەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانی کرد لە پشتیوانیکردنی هەمیشە لە دۆزی فەلەستین و گەلی فەلەستین، جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی هەموو هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە قودس و فەلەستین لە بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل كردەوە. هەروەها یاریدەدەری رێكخەری گشتی هاوپەیمانی سەندیكاكان تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە هاوپەیمانی و ڕۆڵی هاوپەیمانی و ناوەندەکەی لە ئەستەنبوڵ پێشکەش بە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد كە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکانی فەلەستین بۆ گەلی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین و هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە.
سەبارەت بەم دیدارە، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان باسی لەبارودۆخی ئێستای كوردستان و ناوچەكە كردو ئاماژەی بە گرنگی كارەكانی یەكێتی مامۆستایان كردو هەروەها تیشكی خستە رەوشی ئێستای مامۆستایانی كوردستان كە لە بارودۆخێكی قورسی ئابووری دان.
لەكۆتایی ئەم كۆبوونەوەدا شاندی میوان بانگهێشتی فەرمی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیان كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی نێودەولەتی كەوا بڕیارە لە بەغدای پایتەختی عێراق ببەسترێت.
Kommentare