top of page

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان بەشداری سیمپۆزیۆمی نێودەولەتی لە سۆران دەكات

بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی هۆکارەکانی لاوازبوونی ئاستی قوتابیان لە بواری بیرکاری، لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە، ١٣ـی ئایاری، ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس) سەرۆکی زانکۆی سۆران و مامۆستا (احمد گەرمیانی) سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و (برهان ئەرگوشی) راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەو ژمارەیەك لە میوانان سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی هۆکارەکانی لاوازبوونی ئاستی قوتابیان لە بواری بیرکاری، بەڕێوەچوو.

سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن بەشی ماتماتیکی فاکەڵتی زانستی زانکۆی سۆران، رێکخرابوو، بە ئامانجی دەست نیشانکردنی هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی قوتابی و دۆزینەوەی رێکارەکانی چارەسەرکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان لە بواری بیرکاری. لە دەستپێکدا وتاری ڕاگری فاکەڵتی زانست د.ئەیاد نوری فەقێ پێشکەشکراو تیایدا ئاماژەی کرد بەگرنگی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی لاوازی ئاستی قوتابیان لەبواری بیرکاری و چارەسەرکردنیان. پاشان، سەرۆکی زانکۆی سۆران، پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس، وتارێکی پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە هەمبەر سیمپۆزیۆمەکە و جەختی کردەوە لە گرنگی بەرەوپێشبردنی توانای قوتابیان لە بواری بیرکاری.

دواتر، پانێڵی یەکەمی سیمپۆزیۆم بە ناونیشانی: “پڕۆگرامی خوێندن لە خوێندنی بنەڕەتیەوە تا خوێندنی باڵا” بەبەشداری هەریەک لە: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕواندز، مامۆستا سوهەیلە کەریم، شارەزای بیرکاری وەزارەتی پەروەردە، مامۆستا سەیران عەزیز عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، مامۆستا عەبدولوەهاب عەبدولڕەزاق مەحمود، پسپۆڕی زانستی فیزیا لە زانکۆی ئۆتاوا-کەنەدا، پ. ی. د. ئیبراهیم کەریمی، مامۆستا لە بەشی بیرکاری زانکۆی سۆران، د. فارۆق عەبدوڵا مینە، پانێڵەکە لەلایەن توێژەر لە بەشی بیرکاریدا، ئاشنا موحسین سەدیق، بەڕێوەبردرا. پاشان، پانێڵی دووەم کە ناونیشانی:”چۆنیەتی تێگەیشتن لە بیرکاری لەخۆ گرتبوو” لەلایەن م.ی. کارمەند خدر ئەحمەد، بەڕێوەبردرا، بە بەشداری هەریەک لە: پ.ی.د. بۆتان موحەممەد رەحمان، مامۆستا لە زانکۆی کوردستان-هەولێر، نووسەرو ڕاهێنەری پەروەردەیی، مامۆستا فەرەیدون ساڵح رەسوڵ، شارەزای بیرکاری لەزانکۆی سەلاحەدین، پ.ی.د. ئەحمەد محەمەد سابیر، مامۆستا لە بەشی دەرونزانی زانکۆی سۆران، هەروەها د. فەرمان حەسەن.

لە کۆتاییدا، بڕوانامەی بەشداریکردن لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سۆران بە بەشدارانی پانێڵەکان بەخشرا.


Comments


bottom of page