top of page

سەرۆكی یەكێتی: پێویستە كێشەی مامۆستایان وانەبێژان چارەسەربكرێت

مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆك یەكێتی مامۆستایان لەمیانەی بەشداریكردنی لەبەرنامەی پرسی رۆژ لەكەناڵی كەی ئێن ئێن، باسی لەچارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ كردو تیشكی خستە سەرۆ رۆڵی وانەبێژان و داوادەكات چارەسەری تەواوی كێشەكانی وانەبێژان بكرێت.

هەروەها سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لە رۆڵ و گرنگی مامۆستایانی وانەبێژ كرد كە بەراستی توانیویانە خزمەتێكی زۆری بواری پەروەردە بكەن بەتایبەت بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی لە قوتابخانەكان لەمەڕ كەمی میلاك، ئەمەش بەهۆی نەبوونی دامەزراندن لەچەند ساڵی رابردوو. گەرمیانی باسی لەوەشكرد كە مامۆستایانی وانەبێژ شایەنی ئەوەن بكرێن بەهەمیشەیی و رێز لەماندووبوونیان بگیرێت. وتیشی: بارودۆخی مامۆستایانی وانەبێژ قورسەو زۆرجاریش دواكەوتنی شایستەكانیان روویداوە، لەئێستادا وەزارەتی پەروەردە ناوەكانی مامۆستایانی وانەبێژیان بەرز كردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەڵام تائێستا حكومەتی عێراق وەڵامێكی روونی نییەو ئێمە لە یەكێتی مامۆستایان پێشنیار دەكەین كە حكومەتی هەرێم فەرمانی كارگێری دەربكات بە هەمیشەیی كردنی وانەبێژان و بیكات بە ئەمری واقیع و پێش دەست پێكردنی خوێندنی ئەمساڵ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت.

هەر لەم دیمانەیەدا، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی باسی لەوەكرد كە پێویستە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكرێت و دەبوایە حكومەتی هەرێم مامۆستایانی وانەبێژی بكردایە بەهەمیشەیی پێش ناردنی ناوەكانیان بۆ بەغدا. هەروها ئاماژەی بەوەدا ئەگەر حكومەتی هەرێم چارەسەری كێشەی وانەبێژان بكات خەڵكیش روو ناكاتە بەغدا، بۆیە پێویستە ئەمساڵ چارەسەری كۆتایی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بكرێت و بكرێن بە هەمیشەیی.

لەبەشێكی ئەم دیمانەیەشدا گەرمیانی باسی لەوەكرد كە ئێمە روومان لە بەغدا كردو خەڵكانی تریش روویان لە بەغدا كرد بەڵام بەپێی دەستوور و یاسا بەغدا مامەڵە لەگەل حكومەتی هەرێم دەكات، كێشە تەنها وانەبێژان نییە بەڵكو زۆر فەرمانبەری گرێبەست هەیەو هەشە لە وەزارەتی تەندروستی بەخۆبەش دەوام دەكات، بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی روون نییە لەسەر ئەو بابەتەو بەهەمیشەیی كردنی وانەبێژان، بەڵام وەكو باسمكرد پێویستە ئەمساڵ چارەسەری بنەڕەتی مامۆستایانی وانەبێژ بكرێت و بكرێن بە هەمیشەیی.


Comentários


bottom of page