ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری ٨-١٠-٢٠٢٣ لە بارەگای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان یادی رۆژی جیهانی مامۆستایان و رۆژی مامۆستایانی كوردستان بەرز راگیرا.
بەم بۆنەیەوە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی پەروەردەیی و كەسایەتی و مامۆستایانی خۆشەویست مەراسیمێك سازكرا، دەستپێكی مەراسیمەكە بەخێرهاتنی ئامادەبووان كراو دواتر وتارێك لەلایەن سەرۆكی مامۆستایانی كوردستان پێشكەش كراكە تیایدا جەختی كردەوە لەسەر رەوش و گوزەرانی مامۆستایانی كوردستان و ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هاتۆتە پێشەوە كە بەشێك لە مامۆستایان بایكۆتی خوێندنیان كردووە بەم بۆنەیەوە مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی داوای لە بەرپرسانی حكومی كرد كە دەستبكەن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت، هەروەها باسی لە كۆمەڵێ كێشەو گرفتی پەروەردەیی كرد.
هەر لەم مەراسیمەدا چەند پارچە شیعرێك لەلایەن شاعیری ناسراو مامۆستا محەمەد سالح ناسراو بە (جگەرسۆز) پێشكەش كرا، دواتر مامۆستا (بەختیار كەلهوری) پارچە شیعرێكی پێشكەش كرد. لە پاشان مامۆستا عیسا سەرۆكی لقی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەقی بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانی خوێندەوە. دواتر چەند پارچە گۆرانییەك لەلایەن مامۆستاو هونەرمەند زیاد رەواندوزی پێشكەش كرا.
لەكۆتاییدا ئامادەبووانی ئەم مەراسیمە پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی یەكێتی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی كوردستان كرد.
شایەنی باسە رۆژی ٥-١٠ بە رۆژی جیهانی مامۆستایان ناوزەدكراوەو هەروەها رۆژی ٦-١٠ بە رۆژی مامۆستایانی كوردستان دانراوەو ساڵانە ئەم یادە لەسەرجەم هەرێمی كوردستان بەرز رادەگیرێت و ئاهەنگ و چاڵاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
Comments