top of page

دەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردە لە ئەرجەنتین بە بەشداریی مامۆستایانی کوردستان دەستی پێکرد

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە دەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردە لە بوینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین، داوای قەرەبوو بۆ کچ و ئافرەتانی ئێزیدی دەکەین.

 دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024، کارەکانی دەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردە لە بوینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین بە بەشداریی مامۆستایانی کوردستان  دەستی بە کارەکانی کرد.

 عودەی ئەلعیساوی نەقیبی مامۆستایانی عێراق و ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنفرانسەکە  بۆ قسەکردن له سەر گرنگترین پرسەکانی پەروەردە و بەهێزکردنی هاودەنگی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مامۆستایان و مافی هەموو جیهان بۆ خوێندنی بە کوالێتی بەرز، بەشدارن.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە و بەشدارییان تێیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەک نوێنەری مامۆستایانی کوردستان لەنێو هەزار و 200 پەروەردکاری سەر ئاستی جیهاندا، بەشداریی دەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردە لە بوینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین  کردووە کە گفتوگۆ و ڕا و بۆچوون لەگەڵ پەروەردکارانی جیهان ئاڵوگۆڕ دەکەن و پەیوەندییەکان لەڕووی پەروەردەییەوە بەرەو پێشەوە دەبەن.

گەرمیانی ئاماژەی بەوە کرد کە،  کۆنگرەکە پێنج ڕۆژ بەردوەوام دەبێت، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی مافەکانی ئافرەتان و منداڵ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و تەندروستی و قوتابخانە، لەگەڵ دابینکردنی پارە و بوودجە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندنی باش، لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی پەروەردەیی دەکرێت.

دەشڵێت: لەو کۆنفرانسەدا هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لەگەڵ عێراقدا کار بۆ ئەوە بکات  بچێتە نێو پرۆگرامی نێودەوڵەتی پەروەردە و هاوکاریی دارایی بۆ بواری پەروەردە دابین بکرێت، دەشڵێت: لەبەر ئەوە کۆمەڵێک ڕێكخراوی جیهانیی کە پارە لەپێناوی پەروەردە دەبەخشن عێراقیان لەچوارچێوەی وڵاتە دەوڵەمەندەکان داناوە وکە پێویستی بە پارە نییە، لەگەڵ نەقیبی  مامۆستایانی عێراق چەند خاڵێکیان لە کۆنفرانسەکە خستووەتە ڕوو لەبارەی ئەو پرسە و ئاماژەیان بەوە کردووە پێویستیان بە هاوکاریی لۆجیستی و داراییش هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بەرەوە پێشەوە ببەن، هەر لەو کۆنفرانسە تیشک خرایە سەر خوێندنی گشتی و دوورکەوتنەوە لە خوێندنی تایبەت.

ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت: ئاماژەمان بەوە کردووە، مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان مووچەکانیان دوا دەکەوێت و پێویستە قەرەبوو بکرێینەوە، تیشکمان خستە سەر ئەوەی ، پرسی دواکەوتنی مووچە کاریگەریی خراپی لەسەر پرۆسەی خوێندن و کوالێتی خوێندن هەبووە لە هەرێمی کوردستاندا.

گوتی: داوای هاوکاریی ماددیی بۆ کچ و ئافرەتە ئێزیدییەکان دەکەین لەو کۆنفرانسەدا، ئامارێکی قوربانییانی دەستی داعش لە کچ و ئافرەتانی ئیزیدی دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە و ژیانیان بۆ دروست بکرێتەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.

Comentários


bottom of page