top of page

خۆشه‌ویستی نیشتیمان

خۆشه‌ویستی نیشتیمان ته‌نها ووشه و ده‌ڕبڕینی شاعیرانه‌ نیه‌، فرمێسك رژاندن نیه‌ ، نووسینه‌وه‌ی چه‌ند رسته‌یه‌ك نیه‌ كه‌ فێری فێرخوازانی بكه‌ین ، با چیتر وا بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌ ، خۆشه‌ویستی نیشتیمان هه‌ڵسوكه‌وت و كرده‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌نجامی بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ رۆڵه‌كانمان بسه‌لمێنین ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێمه‌وه‌ فێره‌ قوربانی دان بن.

سه‌ربازێك كه‌ به‌رگری له‌ خاك ده‌كات و سنوور ده‌پارێزێت ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستی نیشتیمانه‌ ، پۆلیسێك شه‌ونخونی ده‌كات بۆ پاراستنی ئه‌من و ئاسایش له‌وڵاته‌كه‌ی ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستی نیشتیمانه‌ ، كرێكار له‌ كارگه‌كه‌ی ، جوتیار له‌ سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ی ،پزیشك له‌ نۆرینگه‌كه‌ی ، دایك و باوك و قوتابی و مامۆستا كاتێك به‌ رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌ستن ئه‌وه‌ واتای خۆشه‌ویستی نیشتیمان ده‌به‌خشێت .

گه‌لی مالیزیا كاتێك دووچاری قه‌یرانی ئابووری بوونه‌وه‌ ، گه‌لی مالیزیا‌ زێڕو دراوه‌كانیان خسته‌ بانكه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری ئابووری وڵاته‌كه‌یان تێك نه‌چێت ، ئه‌وه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌كی زیندوو . ئه‌وه‌یه‌ گیانی قوربانیدان له‌ پێناو نیشتیمان ، ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتیبوون ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌لاوه‌ نا ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی نیشتیمانه‌كه‌یان

به‌ داخه‌وه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی هیچ هه‌ولێك ناده‌ن له‌ پێناو نیشتیمانه‌كه‌یان ، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێكه‌ ، زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری نیشتیمان كۆده‌بنه‌وه‌

گه‌وره‌ترین كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ گه‌نجانی وڵاتێك هیوایان به‌ نیشتیمانی خۆیان نه‌بێت له‌ ناو نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیان هه‌ست به‌ غه‌ریبی بكه‌ن.

نيشتيمان ته‌نها خاك و خۆڵ و دار و چیاو رووبار و ده‌ریا نیه‌ ، نیشتیمان بریتیه‌ له‌ رۆڵه‌كانی ، بریتیه‌ له‌‌ سیسته‌م و یاساكان و رێزگرتنیان بریتییه‌ له‌‌ پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ و پاراستنی مافه‌ رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی، نیشتیمان له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و گه‌وره‌تره‌ له‌ هه‌مووان

بۆیه‌ ئه‌ركه‌ وه‌ك باوك و كه‌سانی په‌روه‌رده‌یی و چالاكوانان كه‌ گیانی خۆشه‌ویستی نیشتیمان و گه‌راندنه‌وه‌ی هیوا له‌ ناو ناخی منداڵان و گه‌نجان بڕوێنین ، چونكه‌ ئه‌وان سه‌ركرده‌ی دوارۆژی نیشتیمانن . چاندنی هیوا زۆر گرنگتره‌ له‌ چاندنی هه‌ر به‌رووبوومێكی كشتوكاڵی .

له‌ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین گیانی شكت و بێئومێدی ده‌چینین له‌ناو ناخی منداڵانمان ، بۆیه‌ تكام وایه‌ واز له‌ دووبه‌ره‌كی و شكست هێنان به‌ یه‌كتر بێنن ، با به‌ یه‌ك ده‌ستی پۆڵایین به‌رگری له‌ وڵات بكه‌ین

سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا ... سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ پ ناوه‌ندی هه‌ولێر


16 views0 comments

Commentaires


bottom of page