top of page

ترێندچی..! - رۆشنا عەلی

ترێند لەکورتترین مانایدا واتا، شتێكی باو، كە خواستی لەسەر بێت، باویش زیاتر بەلای چاولێکەریدا دەچێت و چاولێکەریش بۆ کاری باش و خراپ، هەمان مانای هەیە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە ترێند و ترێندکارییە لەنێوان مامۆستاو قوتابیاندا، بەشێکی زۆر لە پەروەردەکاران پێیانوایە ئەمە کارێکی ئاساییەو دەکرێت پەیوەندی مامۆستاو قوتابی باشتر بکات، بەدیوێکدا ڕاست دەڵێن و ئێمەیش هەمیشە لەو بەرەیە بووین، کە مامۆستا لەوپەڕی پەیوەندییەکی باشدا بێت لەگەڵ قوتابی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و ڕەوشت و زانست، بەڵام هیچ بۆچوونێک نامانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە بە هەڵڕشتنی کۆمەڵێک نەستەلە پەیوەندییەکە باش ببێت و هاوڕێیەتی بەجۆرێک پتەو بێت سوودی بۆ پڕۆسەی خوێندن هەبێت، پتەوکردنی پەیوەندی یاساو ڕێسای خۆی هەیە، دەکرێت لە دەیان ڕووی ترەوە ئەم پەیوەندییە بەهێز بکرێت و بگەیەنرێتە لوتکە.

ئەم دیاردەیەی ناونراوە ترێند، خراپییەکەی ئەوەیە لە قوتابخانەیەک تەنیا پۆلی پێنجی بنەڕەتی حەوت بۆ هەشت وانەی هەیە و حەتمەن شەش تا حەوت مامۆستایشی هەیە، کاتێک ئەمە بووە ترێند و باو قوتابییان ناچارن بۆ هەر هەشت مامۆستاکەی بکەن، ئایا ئەمە لە ڕوویەکی ترەوە هەنگاو بەرەو ناچاربوونی قوتابی بۆ کڕینی نەستەلەیەک نانێت.!؟ چونکە ڕەنگە قوتابییەکە ئەو توانایەی نەبێت و ئەم دیاردانەش بمانەوێت یان نا، قوتابی بەچاولێکەرییەوە زۆر لەخۆی و لە گیرفانی دەکات بەشدار ببێت، بۆ ئەوەی لەنێو هاوپۆلەكانیدا بە چاوێكی دیكە سەیر نەكرێت، بۆیە ئەم دیاردەیە ئەگەر لایەنی باشەی هەیە، خراپەی زۆرترە .

ئەوە جگە لەخۆ بەپاڵەوان زانینی هەندێک مامۆستا لەبەرامبەر هەندێکی تر، کە لە بواری پەروەردەدا ئەم دیاردانە هەمیشە ڕوویانداوەو دووبارە بوونەتەوە، بۆ نموونە ماوەیەک باسی سۆشیاڵ میدیا ببوو بە بردنەوەی پارە بۆ بانک کە گوایە بەڕێوەبەری فلان قوتابخانە بە هەڵە زیاتری وەرگرتووەو گەڕاندوویەتییەوە بۆ بانک، لەبەرامبەریشدا ڕێز و سوپاسێکی وەردەگرت و وای لێ هاتبوو ڕێزو سوپاس وەک ئاو دەبەخشرایە ئەو بەڕێوەبەرەی پارە زیادەکەی بردۆتەوە، لەجیاتی ئەوەی لێپێچینەوە لەگەڵ بانکەکە بکرێت کە چۆن دەکرێت هەموو مانگ ئەم هەموو هەڵەیە ڕووبدات، دەیانکردە ڕێزو سوپاس و ئافەرین بۆ بەڕێوەبەر، وای لێ هات ئیتر خەڵک باوەڕی بەوە نەما و زانرا كە سیناریۆی نێوان هەندێك فەرمانبەر و بەڕێوەبەری قوتابخانە بوو، هەڵبەت دەكرێ بۆ جاری یەکەم و دووەم و سێیەمیش ئەو حاڵتە ڕاست بووبێت و زۆریش ئاساییە بانک بۆ جارێک یان دوو جار هەڵە بکات، بەڵام لە ئەگەری ئەم هەموو دووبارەبوونەوەیە ئەرزشێک نامێنێت و دیاردەکە سەرنج ڕاناکێشێت و سیناریۆكەش ئاشكرا دەبێت، بۆیە هەمیشە باو ناشیرینکردنی دیاردەکانە، وردە وردە بەجۆرێک کاڵ دەبێتەوە جێگاکەی دەبێتە پەڵەیەكی ناشیرین، تکایە با هەوڵی ئەوە بدەین منداڵەکانمان جیاوازبن نەک چاولێکەر و ترێندچی بن.


4 views0 comments

Recent Posts

See All

Comments


bottom of page