top of page

ئەرکەکانی یەکێتی مامۆستایان لە شەست و یەکەمین ساڵیادیدا ....

عبدالواحد محمد حاجى

لە 2/12/2010 یەکێتى مامۆستایان هەڵبژاردنێکى گشتى ئەنجامدا، تیایدا راستەوخۆ نوێنەرەکانى خۆیان بۆ کۆنگرە هەڵبژارد بەجۆرێک لە (119) هەزار مامۆستا، (101) هەزاریان دەنگیانداو (443) نوێنەریان دیاریکرد لەگەڵیشیدا بەپێى یاسایى ژمارە (4)ى ساڵى ( 2002) سەدو سی و شەش ئەندامیش لە ئەنجومەنى تەنفیزى و دەستەى لقەکان بوونە ئەندامى کۆنگرە بەتێکڕا (579) ئەندامى کرد، ئەوەى پێویستە ئاماژەى پێبدرێ ئەو هەڵبژاردنە لێژنەیەکى باڵاً لە مەکتەبی سکرتاریەت بەهاوکارى لێژنە لاوەکیەکان لە لقەکان بە ئیمکانیاتێکى زۆر سنوردارەوە ئەودەم ئەنجامدرا، کۆمەڵێک ناوەندى سیاسی و حکومى و رێکخراوەیى بەبەرزیەوە هەڵیان سەنگاند و ناویان لێنا هەڵبژاردنى پارێزگاکان، لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان زۆرى ژمارەى بەشداربووان، دووەمیان رێکوپێکى بەڕێوەچونى پرۆسەکە، پاشان لە (4 تا 7)تشرینى یەکەمى ساڵى (2011)، دوازدەمین کۆنگرە بەڕێوەبرا، تیایدا وێڕایى ئەو (579) ئەندامە، سەرۆکى حکومەت و نوێنەرانى هەردوو پەرلەمانى عێراق و کوردستان و وەزیرانى پەروەردە و خوێندنى باڵا، نەقیبى مامۆستایانى عێراق ( مەرکەزى) نوێنەرانى رێکخراوى ناسوتى بەریتانى و مامۆستایانى جیهانى و چەندین رێکخراوى پیشەیی کوردستان و عێراق بەشداربوون، لەماوەى چوار رۆژدا وێڕایى خوێندنەوەى راپۆرتى گشتى و پەسند کردنى چەندین ئاڵوگۆڕیش بەپێى ویستى قۆناغەکە بەسەر پەیڕەو و پرۆگرام و یاسایى تایبەتدا هێنرا هەروەها راپۆرتى (16) لێژنەش کە ئامادەکرابوو گفتوگۆى لەسەر کرا پاشانیش بەزۆرینەى دەنگى ئەندامان کرایە بەرنامەى کارى (4)چوار ساڵەى (ی.م.ک)، بەبڕواى لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایانى کارى رێکخراوەیى کۆنگرەیەکى سەرکەوتوبوو، لەچەندین لاوەش دەست خۆشى لە لێژنەى باڵاى کۆنگرە و دەستەى پێشوى سکرتاریەت کرا، کە زەمینە و هەلێکى باشیان رەخساند بۆ سەرکەوتنى کۆنگرە بەتایبەت لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوى جیهانى و ناوچەیی مامۆستایان، هەر لەبەر ئەوەش بوو خوێندنەوەیان بۆ یەکێتى مامۆستایان بە تەواویەت چوە قۆناغێکى تازەوە لەسەر ئەو بنەمایەش بوو دەست خۆشى چەندین رێکخراوى جیهانى لەوانە (NASUWT) و (NUT)ى بەریتانى (AFT) ئەمەریکى، کۆمیتەى ئاسیاباسفیکى یەکێتى مامۆستایانى جیهانى (EI) هەروەها (البنیە الاقلیمە للدول العربیە)، لەو چوار ساڵە بەهەموو شێوەیەک کارکرا لەپێناو جێبەجێکردنى بەرنامەى کارى پەسەندکراو، دەکرێ لێرە بەکورتى ئاماژە بە پوختەیەکى بدەین :-

1- هەروەک لە پێشەوە باس کرا، باشترین پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوى جیهانى دروستکرا کە بێگومان کاریگەرى زۆر ئیجابی لەسەر کارى رێکخراو دەبێت کەراستیەک هەیە دەبێ بوترێت، هەر چەندە تەمەنى (ی.م.ک) (53)ساڵە بەڵاًم هێشتا زۆر زۆرى ماوە کاروبارەکان بەمودیل بەڕێوەبڕوات بەجۆرێک بەشێکى زۆرى جومگەکانى کلاسیکیانە بەڕێوەدەچێت.

2- تەکانێکى باش ئەنجامدراوە لەبارەى ئەندامیەتى و زۆرى رێژەیان کە پێشوتر بەپێآ یاساى ژمارە (4)ساڵى (2002)، مامۆستایان بیانویستایە یان نا هەر ئەندام بوون، بەڵام دواى پەسەندکردنى یاساى ژمارە (1) ساڵى (2012) هەموارکراوى یاسای ژمارە(4)ى ساڵى (2002) ئەندامیەتى کرایە ئارەزومەندانە و رێژەیەکى زۆر باشیش لە مامۆستایان بونەتە ئەندام، دوا ئاماری ژمارەی ئەندامیەتى گەیشتۆتەزیاتر لە (71.000) حەفتاو یەک هەزار کە دەکاتە گەورەترین رێکخراوى پیشەیی لە هەرێم، ئەمەش ئەوە دەگەیێنى (ی.م)جێگاى باوەڕى زۆربەى مامۆستایانە.

3- لەبەرامبەر پرسە نیشتمانى و نەتەوایەتیەکان، ئەرکى ئەخلاقی خۆى جێبەجێ کردووە بەدەلیلی ئەوەى : -

ڕ‌- هەموو ئۆرگانەکان لەچوارچێوەى شەڕى پیرۆزى گەلەکەمان دژى تیرۆرستانى دەواعش، هەمیشە حازر و ئامادەبوون بۆ هاریکارى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بەخوێن بەخشین و پێویستەکانیتر،بەرامبەر بە ئاوارەکانیش چی پێویست بووە کراوە تەنانەت رێکخراوەجیهانیەکانیش ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەى بێنە سەرخەت، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە نامەى هەریەک لە ( ناسوت) رێکخراوی مامۆستایانى بەریتانى کە گەورەترین رێکخراوە لەو وڵاتە و زیاتر لە (300) هەزار ئەندامى هەیە کە راستەوخۆ دەقی نامەیەک دەنێرێ بۆ وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى لەژێر ناوى ( کۆبانێ) داواى بەهاناوە چونى گەلی کورد دەکات بەتایبەت کوردستانى رۆژئاوا، هەروەها نامە رێکخراوی مامۆستایانى ئەمەریکا AFT کەراستەوخۆ پەیوەندى بە (ی.م.ک) کوردستان دەکەن تاوەکو لەبارودۆخى کوردستان بەوردى ئاگاداریان بکەنەوە، داواى ئەوەش دەکەن سەرۆکى (ی.م.ک)لەرێگاى سکایپەوە بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى تەنفیزى بکات لە نیورۆک، تاوەکو هەرچى داتا هەیە لە سەر کارەساتى شەنگال و دەوروبەرى موسڵ پێیان بوترێت .

ب‌- بیست و نۆ مانگە موچە دوادەکەوێت، بریا هەردواکەوتن با ئەوەتا کراوەتە چارێگیش کە تاکە سەرچاوەى ژیان و گوزەرانى مامۆستایانە، لەگەڵ ئەوەى (ی.م.ک) بەدان بەخۆداگرتن و پشو درێژیەوە مامەڵەى لەگەڵدا کردووە ئەمەشیان نەک لەبەر خاترى حکومەتى هەرێم چونکە ئەرکیەتى لە وادەى خۆیدا دابینى بکات، بەلکو لەبەر ئەوەیە ئێمە لەئەستێرەیەکى دابڕاو نین حاڵمان حاڵى هێزى پێشمەرگە و تێکڕای کۆمەڵانى خەڵکى کوردستانە، دەبێ بەشێک لەبەر پرسیاریەتیەکان هەڵگرین و لەژێر هەر پاساوێکدا نابێت خۆدزینەوە هەبێت، ئەو راستیەش بەکردارەکى سەڵمێنراوە هەمیشە مامۆستایان سەرمەشق بوونە لە داهێنان، خۆنەویست بوونە لە قوربانیدان، دڵسۆزبوون بەرامبەر بە ئەرکەکان.

ج- هەستکردن بەوەى ((بە پەروەردەیەکى تەندروست نەوەیەکى تەندروست بەرهەم دێت)) کە دوارۆژێکى باشترى پێوە بەستراوەتەوە،لەم خولەدا هەموو هەوڵەکان بەو ئاقارەدا بووە کە ئەو کون و کەلەبەرانەى لە پرۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا هەیە پڕبکرێتەوە یان بەپێى پێویستى قۆناغەکە دابڕێژرێتەوە، یەکێتى مامۆستایان ئەو راستیەى لاساغبۆتەوە دانیشتن بەدیار کەلوپەل و ئامرازە کۆن و سواوەکان، سودى نابێت بەلکو دەبێت بەردەوام هەڵوێستەى لەسەر بکرێت و دەستى پێدا بهێنرێتەوە بۆ ئەوەى هاوتەریب لەگەڵ هەڵکشانە زانستیەکان روە و پێشەوە هەنگاو هەڵبهێنێت، لەمبارەیەوە کۆمەڵێک پڕۆژەى ئاراستەى هەردوو وەزارەت کردووە لەوانە :-

1- پڕۆژەى چاکسازى لە دیاریکردن دەستەى کارگێڕیەکان .

2- پڕۆژەى پێداچونەوە بەخوێندنى ئەهلى .

3- پڕۆژەى باشترکردنى ئەداى سەرپەرشتیارى .

4- پڕۆژەى باشترکردنى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان بەتایبەت دەسکاریکردنى دەرماڵەى هاتوچۆ.

5- پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى ناوەندەکانى خوێندن .

6- پڕۆژەى دیاریکردنى ئەرک و مافەکانى ( مامۆستایان ، قوتابیان، خوێندکاران، دایکان و باوکان) وەک فاکتۆرێک بۆ پیرۆزراگرتنى کەسایەتى مامۆستا.

7- پڕۆژەى گۆڕانکارى لە پرۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆیى، لە ژێر رۆشنایى ئەو هەلومەرجە جیهانیە پڕ لە هەڵکشانە.

8- پڕۆژەى دامەزراندنى سەنتەرى ستراتیجى پەروەردە و خوێندنى باڵا، بەلەرچاوگرتنى ئەو راستیەى، مەودایەکى زۆر لەنێوان هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا لەلایەک هەیە لەلایەکیتر لەنێوان هەردوو وەزارەت و پێویستیەکان ئەمڕۆ، نمونەی باش لەبەر دەستدایە ئەو وڵاتانەى بە جدیەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ پرۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا کردووە ئێستا مەودایەکى زۆرباشیان بڕیوەو لە ریزى پێشەوەن، بۆ هەرێمێکى وەک ئێمە زۆر زەرورە بەدووجار جدیەتەوە بچێتە ژێر بارى ئەو پرسە گرنگە .

9- پڕۆژەى دامەزراندنى چەند ناوەندێکىى توێژینەوە، بەبەڵگەى ئەوەى وڵاتە خواپێداوەکان بەتوێژینەوە و بەکاربردنى گەیشتونەتە ئەو قۆناغە، ناکرێ و ناشێت وڵات بەتەخمین بەڕێوەبچێت بەڵکودەبێ بەردەوام توێژینەوە بۆ هەمو بوارەکان بکرێت، سەرەنجام توێژینەوەکانیش بە کردارەکى کاریان پێ بکرێت، لەو وڵاتانەى ئێستا سەرو سەوداى جیهانیان بەدەستەوەیە تەنانەت بڕیارى سیاسیش، لە مەتبەخى پشتەوەى مێزى حکومەتەکان پڕۆژە بڕیار ئامادە دەکرێت ،بۆیە تەئکید دەکەمەوە ئەگەر بۆ وڵاتانى خاوەن سەروەرى ئەوە راست بێت، بۆ ئێمە مانان دەیان جار راستە و پێویستە، داتاکانیش ئەوەیان سەلماندووە کەمترین توێژینەوەمان هەیە یان هەر نیمانە چونکە ئەگەر هەشبێت لەسەر رەفەکان تۆزیان لێنیشتوە و وەک ئەوەیە هەر نەبێت، تەنها ئەگەر توێژینەوەکانى ساڵانى (2000 تا 2005) وەک پێوەر وەرگرین کە زیاتر لە (3)سێ ملیۆن توێژینەوە کراوە (34%) لە وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا کراوە (37%) لە ئەوروپا کراوە (22%)لە وڵاتانى ئاسیا کراوە تەنها (7%)لە وڵاتانى ئەفەریقا کراوە،لە جیهانى عەرەب کە زیاتر لە (300) ملیۆنن بە قەد ئیسرائیل توێژینەوەیان نەکردووە لەکاتێکدا تەنها (6) ملیۆنن (1.3%) توێژینەوەکانى جیهانیان هەبووە، ئەوەیە وایکردووە ئەم دەڤەرە لە دواکەوتندا ریزبەندى یەکەمى وەرگرتوە لەشەڕو کاولکاریشا هەر مەپرسە چ مەنجەنیقەکە، تەنها لە پێشکەوتندا ریزى دواى دواوەیان گرتوە.

خۆشبەختانە هەموو پڕۆژەکان جێى خۆیان گرتوە و کراونەتە بەرنامەى کار، گەواهى ئەم راستیەش بەستانى کۆنفراسە پەروەردەییەکانى وەزارەتى پەروەردە و تەوەرەکانیەتى هەروەها کارى لێبڕاوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەمەڕ گۆڕانکارى لە پرۆگرامەکان و دیاریکردنى بنەماکانى ریزبەندى زانکۆکان، هاوتەریب هەوڵدان بۆ دامەزراندنى چەندین سەنتەرى توێژینەوە .

بێجگە لەوانەش چەندین دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو وەزارەت کراوە بۆ هەڵوێستە لەسەرپرسە گرنگەکان و پێشهات و روداوە هەنوکەیى و دور مەوداکان. لەوەشدا (ی.م) سەرکەوتنى بەدەستهێناوە چونکە راستە داکۆکى لەمافى مامۆستایان دەکات بەڵام وەکو هەر دەزگایەکیترى ئەم وڵاتە بەرپرسیاریەتى هەیە کە خۆى دەنوێنێ لە هاوبەشیکردن لە راپەڕاندنى ئەرکە پەروەردەییەکان و خوێندنى باڵا . بەهەرحاڵ ئەو ئەرکانەى راپەڕێنراون کەم نین بە بەراورد بەو زەمەنە و بەو هەموو جەنجاڵیەى بەرۆکى ئەم هەرێمە و هەمومانى گرتۆتەوە، ئەوەى زۆر گرنگە دەبێت هەمیشە لەبەر چاوبێت ئەوەیە، ئەرکە قورسەکان هەمیشە لەسەر شانى کەسایەتى و رێکخراوە قورسەکان بووە، بەو هەژمارەى ئەوەى کراوە جێگاى رێزە بەڵام ئەوەى لە داهاتو پێویستە زۆر زیاترە بەراورد ناکرێت سروشتى کارکردنیش وایە زەمەن و پێداویستیەکان جۆرو هەنگاوەکەى دیاریدەکەن، یەکێتى مامۆستایان لەوەتەى دامەزراوە، وێستگە لە دواى وێستگە ئەرکەکانى قورستر بوو، هەمیشەش بەرگەى گرتوەو بگرە گوڕوتینشى بەکارەکانى داوە، بەلەبەرچاوگرتنى ئەو راستیە و ئەم شرۆڤەیە کە کردم، دەبێت ئەم یەکێتیە خۆى بۆ چەند ئەرکێکى گرنگ ئامادە بکات تاوەکو ئەو مێژوەى بە بڕشتەوە تۆمارى کردووە داهاتوکەشى بە بڕشتر بکات، بیرمەندى گەورەش ئۆلیسانجەر دەڵێت ئەگەر دەتەوێت داهاتو باش بکەیت دەبێ ئاوڕ لە مێژوت بدەیتەوە، لە گرنگترین ئەو ئەرکانەى پێویستە جێبەجێ بکرێت:-

1- هەڵبژاردنێکى تازە : هەڵبژاردنى تشرینى یەکەمى (2010) بەماناى وشە سەرکەوتو بوو لەروى ژمارە و شێوازى ئەنجامدانى کە (101)هەزار مامۆستا بەشداربوون، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ ئەوەى ئەو ژمارەیە دەنگ نادات بەڵام بۆ رێکخراو و بۆ جومگە تازەکانى کارکردن کە پشت بە بنەماکانى مافى مرۆڤ و یاساکانى کارى نێو دەوڵەتى بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوەى ئەم هەڵبژاردنە زۆرە ملى نیە بگرە ئارەزومەندایە واتە مامۆستا دەبێت ئەندام بێـت ئینجا دەنگ بدات سەرەنجام چارەنوسەکەش هەر ئەو ئەندامانە یەکلاى دەکەنەوە نەک هەموو مامۆستایان ، بۆیە بەهەموو پێوەرەکان پرۆسەکەى ئەمجارە زۆر گرنگ دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کارى جددى بکرێت بۆ ئەوەى کەمترین خەوشى لێ بەدى نەکرێت، زۆریش پێویستە سەرکردەکانى ئەم رێکخراوە، بێ پەروا هەوڵبدەن رێژەى هەرە زۆرى ئەندامان بێنە سەر سندوقى دەنگدان بە هەقیش دەنگ بدەن، تاوەکو نوێنەرى عەیار(24) لەروى رێکخراوەییەوە هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەى دواجار گۆنگرەیەکى عەیار (24)یش بەڕێوە بچێت، خۆشبەختانە چەندین رێکخراوى جیهانى گەورە ئامادەییان نیشانداوە هاوکارى پرۆسەى هەڵبژاردن و سەرکەوتنى کۆنگرە بکەن، چونکە (ی.م.ک) بە یەکێتیەکى گرنگى جیهانى دەژمێرن، بڕیاریشیان هەیە لە هەر وێستگەیەک پێویست بکات، خۆیان بە گەرموگوڕیەوە بێنەسەر هێل..

2- کۆنگرەیەکى تازە:- یەکێتى مامۆستایان تا ئەم ساتە دوازدە کۆنگرەى بەستاوە هەر کۆنگرەیەک گرنگى خۆى هەبوو بەرامبەر بەو دەمەی کەلێى بەستراوە، بەڵام ئەم کۆنگرەى کە دەبەسترێت لەهەمویان پڕ بایەختر دەبێت لەبەر ئەوەى :

ڕ‌- (ی.م) قۆناغی لۆکاڵى تێپەڕاندووە چۆتە قۆناغی بە جیهانى بوون، ئەمەش مەعزاو دەلالاتى خۆى هەیە و کۆمەلێک بنەماش هەیە دەبێت کار بۆ راپەڕاندنیان بکات.

ب‌- ئێستا کۆمەڵێک داڕسان (تحدیات)روبەڕوى هەرێمى کوردستان بەگشتى و (ی.م) بەتایبەتى بۆتەوە کە دەبێت ئەم رێکخراوە لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتیە دابێت لەوانە :-

1- قەیرانى دارایى : کێشەیەکى گەورەیە و دروستکراوە بۆ هەرێم ئەگەر چی خۆشمان مەبەستم حکومەتە ئامادەکارى بۆ نەکردبوو کە دەبوو هەژمارى ئەوەى بکردبا ناحەزان چاویان بە ئەزمونى کورد و کوردستان هەڵنایێت، ئەکید لەمبەرى جۆراوجۆری بۆ دروست دەکەن .

2- قەیرانى سیاسى : مێژو ئەو گەواهیە دەدات کورد هەمیشە کوشتەى بەردەستى سیاسەت بوو بەدەلیلى ئەوەى لە شەڕا ئازا و قوربانیدەرو خۆنەویست بووە بەڵام لە بینەو بەردەو کێشمەکێشمدا پشو درێژ و تاکتیکاوى نەبووە، جگە لەوەش لەگەڵ یەکتریشدا زیاد لە پێویست توند و توندڕەون، مخابن لەم سەروبەندەشدا تۆختربۆتەوە، کە دەبوو هەرگیز وانەبا لەبەر یەک راستى ئەویش ئەوەیە، لە ئێستادا زڕە هێزەکانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە دەڤەرەکە بەکردارەکى هەن، کێبەرکێ لەسەر پاوانى فراوانترین روبەر دەکەن، بێگومان کورد لەنێو هاوکێشەکە دایە، بۆیە دەبێ زۆرباش ئامادەبێت بۆ هەمو ئەگەرەکان، دیارە (ی.م) هەروەک هەردەم لە ریزى پێشەوە بووە، لەم قۆناغەشدا دەبێ هەر لەو مەکانەتەدا بێت .

3- قەیرانى فکرى: چەند ساڵێکە باهۆزێکى توندڕەوى روى کردۆتە دەڤەرەکە دیارە کوردستانیش بەدەر نیە لەو گێژەلولکەیە، چەندین مەوجەى بۆ هاتوە، دوا مەوجەش، داعش و ماعشەکانە، ئەوانە بەئاشکرا کاردەکەن و دیارن، ئەوەى جێگاى مەترسیە فکرەکەیانە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بڵاوبۆتەوە کە هەر یەکە و لە شوێنى خۆیان بۆمبن هەردەم بۆیان بلوێت دەتەقنەوە و ئیتر کوردستان نقومى فەوزاى توندڕەوى دەکەن، دەیان ساڵ بگرە سەدانیش دەیگێڕێتەوە دواوە، لەوەشیاندا (ی.م) دەبێ رۆڵى ئەکتیفى خۆى هەبێت بەهەموو شێوەیەک دژیان بوەستێتەوە.

4- قەیرانى کۆمەڵایەتى: مخابن ئێمە لە سەدەى (21)ەمین هێشتا هەندێک نەریت و سروشت ماوە کە رێک پێچەوانەى ئەم سەردەمەو بناماکانى مافى مرۆڤە بەجۆرێک هێشتا جیاوازیەکى زۆر لەنێوان ژن و پیاودا هەیە لەکاتێکدا ساغبۆتەوە کۆمەڵگەیەکى تەندروست ئەو کۆمەڵگەیە کە یەکسانى لەماف و فورسەتى کارکردندا لەنێوان هەردوو رەگەزدا فەراهەم بێت هێشتا گەورە و گچکە و بەزۆر بەشودان و دەرهێنانى رەگەزى مێینە لەخوێندنگادا لەژێر کۆمەڵێک بڕو بیانوەوەى هەرماوە ........هتد .

5- نەبونى پەروەردەیەکى تەندروست: کەس نیە ئەو راستیە نەزانێ، نەوەیەکى تەندروست بە پەروەردەیەکى تەندروست دێتە بەرهەم، ئەوە ئێمە نین ئەم وتەزایە دەڵێین، ئەوە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکانن ئەو بنەمایەن تاقى کردۆتەوەو سەلماندویانە، هێشتا ئێمە بۆ ئەم پەروەردەیە لە گورگە لوقێدان، سەرێک دەچێتە پێشەوە دووسەر دەکشێتەوە دواوە، هێشتا بەدەست و نوێژ دەست بۆ پرسە گرنگەکان دەبەین لەکاتێکدا پەروەردە ئازایەتى و بڕیارى دەوێت، گەلێک خاوبووینە لەوەى بڵێینە باشەکان ئێوە باشن بڵێینە خراپەکان ئێوە خراپن دەبێت خۆتان چاکەن، لەزۆر جومگەدا سیاسەتى ژوژک پەیرەو کراوە، هەمومان دەزانین ژوژک هەموو بەدەنى دڕکە کەچى دایکانەکانیان لەبن هەنگڵى خۆیان بێچوەکانیان دەپارێزن و دەستیش بەپشتیانەوە دادەهێنن و دەڵێن چەندە نەرمن، لێرەش وا کراوە ئێستاش هەر وادەکرێت، نازانن ئەوە زیانى گەورە لەخۆیان دەدات و دوارۆژ لە نەتەوەش، چەند بەرپرس هەن بەرۆژى روناک خرایە دەکەن و بەکەڵکى بچوکترین بەرپرسیاریەتیش نایێن کەچى هەر دادەنرێت، نمونەش لەسەر ئەوە زۆرە کەس ناتوانێ بڵێت وانیە، ئەمە مشتێکى قەیران و کمیاسیەکان بوو.

ج- بایەخدانێکى تەواو بە مامۆستایانى ئەوروبا ، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت کارى جدى بکرێت لەسەر ئەوەى نوسینگەى ئەوروبا زۆر ئەکتیفتربکرێت، باشترین رێگەش بۆ ئەو بابەتە بەستانى کۆنفرانس یان ۆرکشۆپێکە، تاوەکو لە لایەک ئۆرگانەکە دەوڵەمەندبکرێت لە لایەکیتر داڕشتنەوەى بەرنامەى کارکردنى بۆ ئەو قۆناغە کە زۆر گرنگە مامۆستایانى ئەوروپا رۆڵى خۆیان بە باشترین شێوە بگێڕن ببنە پردى پەیوەندیەکى زۆر باشتر لەوەى ئێستا هەیە کە دواجار بە قازانجى گشتى گەلى کوردستان و داخوازیە رەواکەى تەواو ببێت.

ئەمەیە وادەکات بڵێَین کۆنگرەى داهاتو کۆنگرەیەکى گرنگ دەبن و ئەرکەکانیش زۆر قورس دەبێت، چونکە خۆى هەروەک ئاماژەمان پێدا زەمەنەکە زۆر تێکچڕژاوە و هەموو ئەوراقەکان تێکەڵ و پێکەڵ و بووە، بیرمەندان دەڵێن زەمەنى لەو شێوەیە ((خۆڵەمێشیە))، ئەگەر زۆر ورد نەبیت لە برى ئەوەى بەخێرایی تێپەڕێنرێ، دەبێ چەندین ساڵ دەستە و یەخە لەگەڵى بێت، بۆیە بۆ ئەوەى ئەرکەکانى ئەم قۆناغە جێبەجێ بکرێت، دەبێت لەم کۆنگرەیە دا ئەم کارانە بکرێت :-

1- تا دەتوانرێت دەبێ وتوێژەکان ورد و زانستیانە بن زۆریش گرنگە سود لە رێکخراوە جیهانیەکان وەربگیرێت.

2- دەبێت هەموو ئاراستە و گروپەکانى مامۆستایان گەورە و بچوک بەشداربن لە رەسمکردنى تایتلى بەرنامەى کارى داهاتو، لەمبارەیەوە دەکرێ سود لە رێکخراوەکانیترى گۆڕەپانى کوردستان وەربگیرێت .

3- تا بنەماکانى دیموکراتیەت دەچەسپێت و گەلى کوردستان بەمافە سروشتیەکان خۆى دەگات، دەبێت ئەولەویەتى کاروچالاکیەکان بۆ پرسە نیشتمانى و نەتەوایەتیەکان بێت .

4- لە پێکهێنانى ئۆرگانەکان دەبێت پێداچونەوەیەکى ورد بکرێت، تا دەکرێت دەبێت پوخت بکرێت، واتە ژمارەکانیان کەمبکرێتەوە لە سکرتاریەتەوە تا دەگاتە لقەکان، چونکە بۆ راپەڕاندنى کارى رێکخراوەیى عەقلى ئیدارەدانى دەوێت نەک شوێن دۆزینەوە بۆ ئەم و ئەو .

5- بەرنامەى کارى قۆناغى داهاتو و دوور مەودا، دەبێت زیاتر بەلاى پەروەردە و فێرکردندا بشکێتەوە و دروشمى ((خوێندنى باش بۆ هەموان)) بکرێت ئامانج، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پلانى رێکخستنى زۆرترین سمینار و ۆرکشۆپ دابڕێژرێت.

6- کاربکرێت لە پێناوى ئەوەى زەروریە رەگەزى مێینە لەهەموو ئۆرگانەکان وجودیان هەبێت بەو هەژمارەى لەلایەک رێژەى زۆرى مامۆستایان لەرەگەزى مێینەن لەلایەکیتر ئێستا پێوانەى رێکخراوە سەنگینەکان بەوەدەبێت کە هەردوو توخم ئەگەر یەکسانیش نەبن بەڵام لێک نزیک بن.

7- دەبێت نەخشە رێگایەک بۆ کۆنتاکت کردن لەگەڵ زۆربەى مامۆستایان هەبێت، واتە نوێنەرایەتى لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن هەبێت یان بۆ هەر چەند ناوەندێکى خوێندن نوێنەرێک ، خولیشیان بۆ بکرێتەوە تاوەکو بەهرەمەندبن لەکارى رێکخراوەیى و چۆنیەتى پەیوەندى و گەیاندنى پەیامى (ی.م) .

8- بۆ ئەوەى هێزى فشارى زیاتر هەبێت، زۆر گرنگە کار بۆ دامەزراندنى فیدراسیۆنێکى رێکخراوە هاوشێوەکان بکرێت، هاوشێوەى زۆر وڵاتانیتر، بێگومان ئەوە بە قازانجى کارى رێکخراوەیى ساغدەبێتەوە هەروەها بەقازانجى پرسە نیشتمانى و نەتەوایەتیەکانیش، چونکە دەتوانن بەو قەبارە گەورەیەى خۆیان رێکخراوە جیهانیە جۆراوجۆرەکانیش بێننە سەرخەت.

9- زۆر گرنگە بنەماى دەستەبەندى لەگەڵ رێکخراوەکانى دەڤەرەکە دروست بکرێت، بەتایبەت بۆ (ی.م.ک) و بۆ ئەم قۆناغە پێویستە لەگەڵ رێکخراوەکانى پارچەکانى ترى کوردستان، ئۆرگانێکى مەرکەزى هەبێت ، ئیدارەى کاروبارەکان بەپێى هەلومەرجەکە بدات پیشتوانیش بێت بۆ دەستە بژێرى سیاسى تاوەکو زەمینەى باشتر روە و بەدەست هێنانى ئامانجە باڵاکان بڕەخسێت .

10- ئەوەى مایەى هەڵوێستەکردنى جددیە لەو کۆنگرەیە مەسەلەى داراییە، جێگاى داخە، داراییەکەى (ی.م.ک) لەچەند ساڵى رابردوودا، نە بۆتە فاکتۆرێک بۆ برەودان بە بوارى رێکخراوەیى، هەمیشەش سەربارى ماندووبوونى زۆرى ئۆرگانەکان بەتایبەت لێژنەکانى دەستەبەرى مایەى سەر ئێشە و تیرو توانجیش بووە لە رێکخراوەکە، زۆر جاران بە ناهەق هێرش کراوەتە سەرى لەلایەن کەسانێک کەلە بنەڕەتدا بێ زانیارى بوونە و زیاتریش سیاسەتى لە پشتەوە بووە، لایەنێکى ترى نەرێنى دارایى (ی.م)، رێکخراوەکەى کردۆتە ئۆفیسێکى ئاڵوگۆڕکردنى پارە، بەشێوەیەک بەدەستێک پارەکە کۆکراوەتەوە بە دەستەکەى تریش دابەش کراوە، واتە لەبرى ئەوەى ئۆرگانەکان بیڕژێنە سەر ئەرکە بنەڕەتیەکان کە بریتین:-

1- چالاکى هونەرى و وەرزشى .

2- ۆرکشۆپ و سمینارى جۆراوجۆر.

3- پێشبرکێ زانستى .

4- توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەسەر جومگەکانى پرۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا.

هەمووى چڕ کراوەتەوە لە ئالوێرکردنى پارە و دەستەبەرى، وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێدا بەردەوام گلەیى و گازاندە تەنانەت لەلایەن ئەوانەشى کە سودمەند بوون بەوەى دەوترا (پارەکە کەمە) ،( ئەو هەمو ئابونە کۆ دەکەنەوە چی لێ بەسەردێ؟) ئەمە و دەیان و سەدان دەستەواژەى تەنز ئامێزیتر، کە دەبوو هەموو لا بیانزانیبا تەواوى ماوەى خزمەت واتە تێکڕاى ( 40) ساڵ ئابونە دەکاتە (480)چوارسەد و هەشتا هەزار، سەیرە کە هاوکاریەکە وەردەگرێت رازى نابێت و دەڵێت ئەو بڕە پارەیە چیە؟ لێرەدا بەپێویستى دەزانم ئەوە بەبیر بهێنمەوە بەر لە هەڵبژاردنى (2/12/2010) وەک ریکلام بۆ هەڵبژاردن برادەرێک لەسەر شاشەى تیفى لایەنێکى دیارى کراو بانگەشەى ئەوەى دەکرد مامۆستایانى کوردستان هەریەکەیان (22)ملیۆن دیناریان لاى (ی.م)، دەتوانن داوای بکەن، هەر چەندە ئەو کاتى رونکردنەوەى زۆر بەداتاوە درا، خۆشبەختانە لە بۆنەکەدا ئەو برادەرەمان دیت و پێمان وت بەڕێز ئەو ژمارە قەبەیەت لە کوێ هێنا بوو، بۆ جەنابت نازانى ئەوە راست نیە، ئاخر (ی.م) لە (1992)دامەزراوەتەوە ئەو دەمیش تەنها (2) دینار ئابونە بوو، خۆ ئەگەر هەموش بەپارەى ئێستا هەژمار بکرێت، واتە مانگانە (1000) دینار کە ساڵانەدەکاتە (12)هەزار جارانى (18) ساڵ بکرێت، دەکاتە (216) دوو سەد و شازدە هەزار ، لەوەڵامدا ئەو بەڕێزە وتى ئەوە ریکلامى هەڵبژاردن بوو، بەهەرحاڵ ئەو داراییە دەبێت گۆڕانکارى تێدا بکرێت بەجۆرێک لەگەڵ ئەم قۆناغە و پێداویستیەکان بگونجێت بەمشێوەیە:

1- هەمو هەوڵێک بخرێـتە گەڕ، تاوەکو ئابونە بخرێتە سەر لیستى موچە لەروى یاسایشەوە زۆر گونجاوە ئەوانەى دەبنە ئەندام بەرەزامەندى خۆیان لە موچەکانیان ببڕدرێت.

2- ئەو ئابونەى کۆ دەکرێتەوە بڕى هەرە زۆرى بەلاى کەم (50%) کەمتر نەبێت بۆ ئەنجامدانى چالاکى جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان لەبوارەکانى جێى بایەخ و زەمینە یان بۆ فەراهەم بکرێت تاوەکو حەزى دڵخوازى خۆیان بەرجەستە بکەن.

3- کاربکرێت بۆ دامەزراندنى سندوقى باروبوو ( سندوق المساعدات) بەجۆرێک مامۆستا خۆى بە رێژەیەکى دیارى کراو لە موچەکەى بدات کە لەنێوان (2 تا 3 %) هەروەها حکومەتیش بڕێک هاوکارى، تاوەکو سەرەنجام لەکاتى پێویستدا بتوانرێت هاوکارى شایستە لە کۆمەڵێک بوار بەدەست بێنێت، بۆ نمونە کرێى خوێندنى منداڵ، هاوکارى نەخۆش ، کارەساتى لەناکاو، گەشتى زانستى کۆمەڵێک بواریتر، بێگومان ئەو سندوقە دەبێ بەپێى یاسا رێکبخرێت هەروەها لەژێر چاودێرى دارایى و یاسایى بێت، ژمارە حسابێکى تایبەتیش لە بانکێکى فەرمى موعتەبەر هەبێت، دەشکرێ دواى زیادبوونى سەرمایەى سندوقەکە لەلایەک هاوکاریەکان زیادبکرێن لەلایەکیتر بواریتریش بخرێتە نێو بازنەى هاوکاریەکان، بڕوام وایە بەوە دەتوانرێ لەیەک کاتدا ئۆرگانەکانى (ی.م.ک) لێبڕاوانەتر بپژێنە سەر ئیش و کارەکانى خۆیان، ببنە جێگاى متمانەى زیاترى مامۆستایان ، لەبەرئەوەى لەو چەند ساڵەى رابردوودا گەورەترین گرفتى ئەو رێکخراوە مەیدانى نەبوونى ئۆرگانەکانى بووە لەنێو ناوەندەکانى خوێندن و مامۆستایان زیاتریش کارى مەکتەبیان کردووە کەبەراستى ئەوە مراندنى رێکخراوە، .

11- لەو کۆنگرەیە دەبێت بایەخێکى زۆر بە راگەیاندن بدرێت، کەسى باش و شارەزا و لێزانى بۆ دیاریبکرێت ، چونکە راستیەک هەیە نابێت نادیدە بگیرێت، روحى زیندووى هەر دەزگایەک راگەیاندنە واتە ئەگەر راگەیاندنت هەبوو ئیتر تۆ هەردەم لەبەر چاوانى کوردیش دەڵێت ( ئەوەى لەبەر چاوان بێت لەبەر دڵانیشە) پێویستە بوترێت (ی.م.ک) لەخولى دوایى خۆى زۆرترین چالاکى ئەنجامداوە بەڵام بەهۆى ئەوەى راگەیاندنەکەى لەچاو قەبارەى چالاکیەکان و هەستیارى قۆناغەکە ئەکتیف نەبووە، بۆیە کەمتر گەیشتوتە ناو مامۆستایان تەنانەت هەندێک ئۆرگانەکانى خۆشى ، لێرەدا بەگرنگى دەزانم ئاماژە بە رێکخراوێک بدەم هەرچەندە لەدەرەوەى کوردستانیشە، لەچاو (ی.م.ک) چالاکیەکى ئەوتۆى نیە لەچوار ساڵى رابردوودا یەکجار رێپێوانێکى چەند کەسیان کردووە، وایان فۆکس خستبووە سەر وەک ئەوەى هەموو رۆژێ خۆپیشاندانیان کردبێت و بەردەوام لە حەرەکەتدابن بۆیە لەو کۆنگرە دەبێت :-

1- درێژە بە گۆڤارى مامۆستایان و بەدیزان و ستافێکى باشتر، ئیمکانیاتى دارایشى بۆ فەراهەم بکرێت .

2- مەڵپەڕێکى هەمە جۆرو بەردەوامیش گۆڕانکارى بە سەردابێت و ئەبدەیت بکرێتەوە.

3- هەوڵ بدرێت لەهەر سێ مانگ جارێک کۆبەندى چالاکیەکان لەچوارچێوەى بەیاننامەیەک یان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بخرێتە ڕو هەروەها بەسەر هەموو ناوەندەکانى خوێندنیش بڵاوبکرێتەوە .

4- وەرگێڕێکى کاراى زمانى ئینگلیزى بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەى لەیەک کاتدا بابەتە گرنگەکانى رێکخراوە جیهانیەکان وەربگێڕێت بۆ زمانى کوردى هەر لە کوردیش بۆ زمانى ئینگلیزى و ناردنى بۆ سایتە جیهانیەکان .

5- لەنێو ئۆرگانە سەرەکیەکانى (ی.م) مەکتەبى سکرتاریەت ، لقەکان، بەکردارەکى کەسى راگەیاندکار بەرپرس بێت مەرجیش نەبێت ئەندامى سکرتاریەت بێت، بۆ ئەوەى بەردەوام بەدواداچون بکات و لەچوارچێوەى پەیرە و پرۆگرامى (ی.م)و بەقازانجى کارى رێکخراوەیى ، بێگومان بەسەرپەرشتى راستەوخۆى سەرۆکى (ی.م.ک)

هیواخوازم ئەم کورتە باسەم دەروازەیەک بێت بۆ کۆمەڵێک دراسەت و بەدواداچون لەسەر رەوشى کارى رێکخراوەیى بەگشتى و یەکێتى مامۆستایان بەتایبەتى تا دەگەینە کۆنگرەى داهاتو، سەرەنجام هەمووى لە دوو تۆى پڕۆژەیەکى یەکگرتوو پوخت کۆبکرێتەوە بکرێتە کۆبەندى کارى چوار ساڵى داهاتو، بێگومان ئەوەش دوا پلانى ئەکتیفى و چاکسازى نابێت، زەمەن و پێداویستى هەردەم ئامادەسازى و لەسەر پێى دەوێت.


32 views0 comments

コメント


bottom of page