لەمیانەی دەیەمین كۆنگرەی رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشداری چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ دەكات.
رۆژی ٣٠ی٧ی٢٠٢٤ لە پەراوێزی کۆنگرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە لە بوینس ئایرێسی ئەرجەنتین، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و ئەنجومەنی هەماهەنگی کۆمەڵەی پیشەیی مامۆستایانی ئێران (CCITTA) و هەروەها رێكخراوی (ئیتم سەن) لە تورکیا ئەنجامدرا، لەپێناو دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان مامۆستایانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان.
لەلایەكی دیكەوە لەهەمان رۆژ ٣٠ی٧ی٢٠٢٤ بەئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان کۆبوونەوەی پێکهاتەی عەرەبی ئەنجامدرا بەمەبەستی هەماهەنگی و هەڵسەنگاندن لەسەر وێستگەکانی دەیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە.
هەر لەهەمان رۆژ لەبۆینس ئایرێسی ئەرجەنتین سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشداری کۆبوونەوەی ناوچەی ئاسیاباسفیک-ی كرد بەئامادەبوونی سەرجەم وڵاتانی ئاسیا لەگەڵ ئوسترالیا و نیوزلەندا .
هەر لە پەراوێزی كۆنگرەی رێكخراوی نێودەولەتی بۆ پەروەردە مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆك و نوێنەری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەردەوامە لە ڕاوێژ و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندە بەشداربووەكان بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندی و ئالوگۆركردنی دیدگاو بۆچوونەكان.
Comments