سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان دەكات و تاوتوێی چەند پرسێكی تایبەت بە رێكخراوەكان دەكات.
رۆژی دووشەممە بەرواری ٩-١٠-٢٠٢٣ مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان كردو لەگەڵ بەرێز (بارزان مەنتك) سەرۆكی رێكخراو كۆبووەوەو لەدیدارێكدا گفتوگۆ كرا لەسەر چەند بابەتێكی گرنگی هاوبەش لەنێوان رێكخراوەكان، بەتایبەت باس لەو خزمەتگوزارییانە كرا كە پەیوەندیی بە قوتابخانەكان هەیە.
لەم بارەیەوە سەرۆكی رێكخراوە ناحكومییەكان كۆمەڵێ زانیاری و داتای پێویستی خستەڕوو بۆ خزمەتی سێكتەری پەروەردە لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەرجەم هەرێمی كوردستان كە چەندین خول و وۆركشۆب تایبەت بەم بوارە ئەنجامدراوە بۆ قوتابیان و مامۆستایان.
لەلایەن خۆیەوە مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی وێرای دەستخۆشی لەرێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی سوپاسی سەرجەم ئەو رێكخراوانەی كرد كە خزمەت بە سێكتەری پەروەردە دەكەن. هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە كاری هاوبەش لەنێوان رێكخراوی یەكێتی مامۆستایان و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی رێكخراوەكان بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی مامۆستایان كۆمەڵێ خول و سیمینار بۆ چین و توێژی قوتابییان و مامۆستایان ئەنجام بدرێت بەتایبەت لە بوارەكانی ژینگەو تەندروستی و خولی رۆشنبیری و هۆشیاری و كۆمەڵایەتی و خزمەتی كەرتی پەروەردە بەشێوەیەكی گشتی.
Comments