د.یوسف گۆران: خوازیارین لە بواری خوێندنی باڵا پەرە بەخوێندنی پیشەیی بدەین و سیستمێکی بۆ دابرێژین

25 تەمموز 2017




بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی


د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وەک چۆن هەنگاوەکانمان بەئاراستەی پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و کرداری لە قۆناخی بنەڕەتی دەستپێکردوە، بەهەمان شێوە دەمانەوێ لە ئاستی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆر پەرە بەخوێندنی پیشەیی بدەین.


ئەو ڕاگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢٤/٧/٢٠١٧) لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک و سکرتێر و نوێنەری  یەکێتیی و ڕێکخراو و سەندیکا پیشەییەکانی هەرێمی کوردستان هات.


لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران وتی: خوێندنی پیشەیی یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت دەخوازێ لەسەرجەم ئاستەکان پەرە بەخوێندنی پیشەیی بدات، چونکە خوێندنی پیشەیی بۆتە یەکێکە لە پێداویستیە هەرە گرنگەکانی ئەمڕۆی بازاری کوردستان و جیهان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕونیشیکردەوە، کە وەک وەزارەت دەخوازین توێژێک دروست بکەین کە توانا و بەهرەی هەبێ و، بتوانێ لە بازاری کاری کوردستان کار بکات و، کاریش بۆ خەڵکی دیکە بدۆزێتەوە، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: ئێستا هەنگاوەکانمان لە خوێندنی بنەڕەتی دەستیپێکردوە، بەهەمان شێوە دەمانەوێ لە خوێندنی باڵا-ش (ماستەر و دکتۆرا) دەست پێ بکەین.


وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکراشیکرد بۆ گەیشتن بەو سەرەتا دبێ دیدگای سەندیکا پیشەییەکان وەربگرێن، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دابڕێژین و، لە داڕشتنی ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا بەشێوازێکی جیاواز باس لە خوێندنی پیشەیی بکەین، ڕونیشیکردەوە هەر خوێندکارێک کە لە خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی پیشەیی وەردەگیرێ لە تەواوی پرۆگرامی خوێندنەکەی جەخت لەسەر لایەنی پیشەیی دەکرێتەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەکادیمی نابێ و، بڕوانامەی ئەکادیمیشیان پێ نادرێ، بەڵکو بڕوانامەی پیشەییان پێ دەدرێ بۆ ئەوەی لە بازاری کار تواناکانی بخاتەگەڕ، وتیشی لەم هەنگاوەماندا زیاتر پشت بەسەندیکا و ڕێکخرا و یەکێتیە پیشەییەکان دەبەستین، هەر لەبەر ئەوەش دەمانەوێ لەسەرەتاوە لە ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانتان ئاگاداربین، ئاشکراشیکرد تا ئێستا سیستمێک بۆ خوێندنی پیشەیی لە ئاستی خوێندنی باڵا نیە، بۆیە دەخوازین لێرەوە بناخەی ئەو سیستمە دابڕێژین.


لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وتی: ئەم خوێندنە کە دەست پێ دەکات زیاتر بۆ خوێندنی ماستەر و ددکتۆرا دەبێ، بەڵام بەشێوەیەکی بڕوانامەکەیان وەک پیشەیی پێ دەدرێ نەک ئەکادیمی، بەڵام هەمان ئیمتیاز و ماف و ئەرکی خاوەن بڕوانامەیەکی ئەکادیمی دەبێ، وتیشی پڕۆگرامەکان زیاتر لە بواری ڕاهێنان دەبێ، واتا جیاواز لەلایەنی ئەکادیمی کە بەدوای نوێترین داهێنان توێژینەوە دەگەڕێ، بەڵام خوێندنی پیشەیی زیاتر توێژینەوە و دۆزینەوەکان جێبەجێ دەکات.


هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەزمونی خوێندنی پیشەیی لە ئێراق و کوردستان هەبوە، وەک بۆردی پزیشکی و، خوێندنی ژمێریاران و، بۆ بازاری کار زۆر سود بەخش بوە، بەڵام ئێستا دەخوازین ئەو ئەزمونە فراوان بکەین و، چوارچێوە و ڕێنماییەک بۆ ئەو خوێندنە دابڕێژین، چونکە دەمانەوێ ئابوری مەعریفە لە کوردستان بەهێز بکەین، یەکێک لە پایەکانی ئابوری مەعریفەش بایەخدانە بەخوێندنی پیشەیی، هیوای خواست سەندیکا و ڕێکخراو یەکێتیە پیشەییەکان هاریکاربن.


لە بەرامبەردا، نوێنەری سەرجەم یەکێتیی و ڕێکخراو و سەندیکا پیشەییەکان دوای ئەوەی بەگرنگیەوە لە کۆبونەوەکەیان ڕوانی، سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-یان کرد بۆ بانگهێشتکردن و گوێگرتن لە ڕاو پێشنیازی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان لە داڕشتنی ڕێنماییەکان، وتیشیان ئەوە یەکەمین ئەزمونی لەو جۆرە کە حکومەت لە داڕشتنی ڕێنماییەکان گوێمان لێ بگرێ، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا بەگرنگیەوە باسیان لە خوێندنی پیشەیی کرد و، ڕاشیانگەیاند لە داهاتودا وردەکاری سەرەنج و بۆچون و پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتی پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی بەتایبەت لە بواری خوێندنی باڵا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز بکەنەوە.


کۆبونەوەکە، بەئامادەبونی د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی، د.نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و، فوئاد سمایل یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و، سەرتیپ خاڵص بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا بەڕێوەچو.


http://www.mhe-krg.org/ku/node/3564