د.یوسف گۆران: دەبێ کار بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئازاد و سیستمێکی خوێندنی یەکگرتو بکەین

17 ئایار 2017




بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەهۆی نزیکبونی کەلتور گەلانی ناوچەکە لە یەکتر، دەبێ هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئازاد و سیستمێکی خوێندنی یەکگرتو.


 ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی دیدارێکدا لەگەل کونسڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هات.


لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (١٦/٥/٢٠١٧) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا و چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.


لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران تورکیا وڵاتیکی گرنگە، بۆیە پێمان باشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێز بکەین  بەتایبەت لە بواری خوێندنی باڵا، وتیشی ئەگەر پەیوەندییەکانمان لە بواری خوێندن بەهێز ببێ رێگە خۆش دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی دیکە، هەروەک کارئاسانی بۆ ئاشنابون بەکەلتور و ئەقڵیەتی یەکتر دەکات، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران پێشنیازی کرد هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆردێکی خوێندنی باڵا-ی هەمیشەی لەگەڵ تورکیا دروست بکرێ، ڕاشیگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئازاد و سیستمێکی خوێندنی یەکگرتو.


وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی کەلتور و شێوەی ژیانی نێوان گەلانی ناوچەکە لە یەکەوە نزیکن، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خوێندکارانی کوردستان ڕویان لە زانکۆکانی تورکیا کردوە، لە هەمان کاتدا پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندیانە پێویستیان بەجۆرێک لە ڕێکخستن هەیە، وتیشی هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری دروستبونی چەند کێشەیەک بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەی لەو وڵاتە دەخوێنن، ئاشکراشیکرد لە دواین سەردانی سەرۆک وەزیری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، کە وەزیری پەروەردەش هاوەڵی دەکرد بەڵێندرا کە چارەسەری کێشەکان بکرێ، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند پێشنیازێکی خستەڕو.


د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: بەشێک لەو خوێندکارانەی کە بەهۆی داخستنی بەشێک لە زانکۆکانی تورکیا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە و کێشەیان بۆ دروست بوە، وتیشی بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک ئێمە هاوکار و هەماهەنگتان دەبین، ڕونیشیکردەوە ئەگەر ئەو جۆرە کێشانە چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە تێڕوانینی خوێندکارانمان بۆ خوێندن لەو وڵاتە بگۆڕێ. سەبارەت بەزانکۆی ئیشق لە کوردستان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: کاتی خۆی ئەو زانکۆیە لە ژێر چاودێری و هاندانی حکومەتی تورکیا کراوەتەوە، وتیشی ئێستا ئەو زانکۆیە زانکۆیەکی لۆکاڵییە خاوەنەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ستافی زانکۆکەش بەهەمان شێوە ستافێکی لۆکاڵیە، بەڵام نامانەوێ ئەو گۆرانکاریانە کاریگەری بکاتە سەر کواڵیتی زانکۆکە، وتیشی دەخوازین دەرچوانی ئەو زانکۆیە کاتێ ویستیان لە تورکیا بخوێنن کێشەیان بۆ دروست نەبێ و، بەهەمان شێوەی زانکۆکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.


لە بەرامبەردا، محمد عاكیف كونسڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان  سەرباری جەختکردنەوە لەسەر پێشنیازەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، ڕایگەیاند: بواری خوێندنی باڵا یەکێکە لەو بوارانەی کە لە کوردستان زۆر بایەخی پێ دەدەین،  وتیشی وەک کونسڵگەری ئاسانکارییە بۆ ڕایکردنی کارەکان دەکەین و، هەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین، سەبارەت بەخوێندکاران لە زانکۆ داخراوەکان وتی: بەشێک لەو خوێندکارانە گوازراوەنەتەوە بۆ زانکۆ حکومیەکان، بەشێکیشیان بۆ  زانکۆ تایبەتەکان، داواشی کرد لیستێک بەناوی ئەو خوێندکارانە ئامادە بکەن و ڕادەستیان بکەن، سەبارەت بەزانکۆی ئیشق کونسڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە چاومان لەوە نیە کێشە بۆ خوێندکارانی ئەو زانکۆیە دروست بکەین، هەروەک سەردانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا بەگرنگ زانی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، وتیشی چاومان لەوەیە خوێندکاری تورکیا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ خوێندن

.

سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئازادی خوێندن، کونسڵی تورکیا پشتیگری بیرۆکەی کرد و، وتی دەتوانین جێبەجێی بکەین و زیاتر تەرکیز لەسەر ئەو شتانە بکەین کە خاڵی هاوبەشن، ئەوەش ڕێگە خۆش بۆ چاەسەرکردنی کێشەکان دەکات، وتیشی لە ڕێگەی خوێندنی باڵا –وە دەتوانین داهاتو بونیاد بنێین.