مامۆستایان هەمیشە سەربەرزن....

09 ئازار 2017


                                                                            ن: عەبدولواحێد محەمەد
           ماوەیەكە مامۆستایان بوونەتە سەردێری باس و خواس و هەواڵەكان، هەریەكە و بە شێوەیەك لە شێوەكان بێ ئەوەی لێكدانەوە بۆ بۆچون و دۆخەكە بكات، توانج لە مامۆستایان دەگرن بە تایبەت هەندێك راگەیاندن وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كونی دارا  دۆزیبێتەوە، هەر كە گوێبیستی وشەی مامۆستا دەبن ئیتر كوێ قوڵاغ دەبن دەكەونە سەروسۆراغ كردن وەك ئەوەی كێشەی ئابوری و سیاسی ئەم گەلە بەش مەینەتە بێت، هەژماریش بۆ ئەوە ناكەن ئەو وتەو توانجانە لەسەر كەسانێك دەیكەن لە پەیدابوونی شارستانیەتەوە لە كایەی سیاسی و ئیداریدا هەمیشە رابەر و لە كایەی پەروەردەییشدا شۆرە سواری بێ ركابەر و لە بواری كۆمەڵایەتیشدا هەمیشە پێشەنگ و داهێنەری بنەما بونیادیەكانی كۆمەڵگەی تەندروست بوونە، بۆیە مامۆستایان هەمیشە سەربەرزو ریزلێگیراو لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە بوون، لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی كوردستانی خۆشمان جێ پەنجەی ئەو كەڵە پیاوانە لە هەموو مەیدانەكان رەنگڕێژو نەقشدار بووە، لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیشدا سەر سەكۆی سێدارە و كونجی بەندیخانەكان گەواهی راستی و سەرسەختی ئەو توێژەی ساغ كردۆتەوە، كەسێك نەبووە ئەو فەرهەنگە پڕ لە حەماسەتە ئاوەژو بكاتەوە، لێ بەداخەوە ماوەیەكە هەر وەك لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا مامۆستا بۆتە ئامانج و بە بەرنامە كار بۆ تەڵخ كردنیان دەكرێت، من ترسم لەوە هەیە ئەو تەنزە قێزەون و ناشیرینەی داگیركەران بۆ سوكایەتیكردن كە هەمیشە ویستویانە بە باڵای پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە بیدرون، بە بێ ئاگا ئێستا دووبارە بكرێتەوە، دەنا چ پێویستە لە پرۆسەیەكی وا گەورەو گرنگدا، رووداو و هەندێ ئەدگاری تایبەت لە قەبارەی خۆی گەورەتر بكرێت، هەندێك راگەیاندنیش وەك كێبڕكێی رۆژنامەگەری بیكەنە سەردێری هەواڵ و راپۆرتەكانیان، تەنها ئەو لایەنەش پیشان بدەن كە مەبەستیان لێی ناشیرینكردنی مامۆستا و پەروەردەیە، بە داخەوە لەو ماوەیەدا دوو سێ روداو لە نێو ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایاندا ئەوەندە گەورەكرا وەك ئەوەی سەرلەبەری پرۆسەكە لە ژێر پرسیار دابێت،هەموشی لەوە چڕكراوەتەوە مامۆستا گوناهی كردووە دەبێت حساب وكتابی لەگەڵدا بكرێت، لە كاتێكدا لە هەمان ئەو ماوەیە و لە رابردووشدا چەند كاروكردەوەی زۆر خراپ دەرهەق بە مامۆستایان كراوە كەسیش باسی لێوە نەكردووە، بەڕاستی ئەوە مایەی نیگەرانیە كە دەبوو  لە ساتەوەختی خۆیدا بە بەرنامە كاری بۆ بكرابا، جێی باسە ئەو جۆرە بانگەشە و روماڵكردنە بۆ خەڵكانێكی فورسەت تەلەب و نادیدەگری هەوڵ و كۆششەكانی مامۆستایان بۆتە بزنس و سەركێشان بۆ سەوداو مامەڵەكردن لەسەر بڕێك پارە، بە بیانوی ئەوەی زیانی جەستەیی لێكەوتۆتەوە ، یان كاریگەری دەرونی دروست كردووە، راستە بەكارهێنانی توندوتیژی قەدەغەیە و نابێت  لە ژێر هەر بڕوبیانوكەوە بەكار بهێنرێت، جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەو بنەمایەی  پرۆسەی پەروەردە ئەگەر بۆ مامۆستا هێلی سور بێت بۆ هەموو لایەنەكانی نێو پرۆسەكە هەر بەمشێوەیە، سەرەنجام یاسا هەر یاسایە ئەگەر بۆ مامۆستایان كارپێكراو بێت بۆ قوتابیان و خوێندكاران و دایكان و باوكانیش دەبێت بە هەمان شێوە پیادە بكرێت،جێگای هەڵوێستەكردنە یاسا كارپێكراوەكان زیاتر دەرهەق بە مامۆستایان بەكارهێنراوە، لەوەیاندا نیگەرانیەكی زۆری دروستكردووە بۆیە ئێستا كۆمەڵێك چەمكیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە وەك ( مامۆستا شكۆی نەماوە) ، ((پێویستە شكۆ بۆ مامۆستا بگەڕێتەوە)) هەر چەندە من لەگەڵ دەقا و دەقی ئەو دەستەواژانە نیم بەڵام بێگومان ئەم بارودۆخە و ئەو جۆرە روداوانە كە هیواخوازم نەگاتە دیاردە، گرفتی دەرونی و كۆمەڵێك پرسیاری دروستكردووە، دەبێت هەموو لایەنەكان كار بۆ سنورداركردنی بكەن لەوانە : -
1-    وەزارەتی پەروەردە : هەموو دامودەزگاكان كە دەزگای سەرەكی و بەرپرسی یەكەمن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەكە و راستەڕێكردنی تەواوی جومگەكانی،  بە تەواوی  بە ئەركەكانی خۆیان هەڵنەستاون ئەوەندەی فۆكسیان لەسەر مامۆستایان بووە  نیو ئەوەندە لەسەر لایەنەكانیتر نەبووە، ئەوەی بەردەوام وتراوە و بەدواداچونی بۆ كراوە  تەنها و تەنها هەر قەدەغەكردنی لێدان بووە، هۆكار و بەرەنجام و لێكەوتەكانی رون نەكراوەتەوە كە بۆچی ئەو بڕیارە دەركراوە، بەرامبەرەكان دەبێ چۆن و چی بكەن؟.
2-    راگەیاندنەكان: بەڕاستی راگەیاندنەكان ئەوەی لەسەریان پێویستە نەیانكردووە زۆرترین جار بەلای وروژاندنی خەڵكەوە بوون یان هەندێك جاران بۆئەوەبووە دیوی ناشرینی كەسایەتیەكان یان دەزگایەك نیشان بدەن لەكاتێكدا راگەیاندن زۆر ئەركدارترە، واتە دەبێت بۆ هەر روداوێك بەدواداچون بۆ تەواوی كێشەكە  بكات، واتە هۆكاری سەرهەڵدان ، ژینگەی خێزان پاشخانی مەعریفی و دەرونی و  توانای بێداغۆچی مامۆستا، لێپرسراوەتی بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و دامودەزگا لۆكالیەكانی پەروەردە .
3-    یەكێتی مامۆستایان: ئەو رێكخراوە  بەشێوەیەكی رێكوپێك نەپڕژاوەتە سەر ئەو شێوە مامەڵەكردنە، لەكاتێكدا زۆر گرنگە توێژینەوە لەسەر ئەو روداوانە بكات و تەواوی پاشخان و هۆكارەكانی دیاری بكات، جێگای باسە دامودەزگاكانی وەزارەتی پەروەردە كار ئاسانیان بۆ ئەو رێكخراوە نەكردووە بەتایبەت لە مەسەلەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكان، ماوەی دوو ساڵە لە ژێر هەندێك بیانوەوە ئەو بوارەیان نەڕەخساندووە، لەگەڵ ئەوەشدا (ی.م) نابێت لەسەر ئەوە رابوەستێت بەڵكو دەبێت بەردەوام بن چونكە ئەوە بوارێكی كاری رێكخراوەیی گرنگەو یاساش بۆی ئەو بوارەی بۆ هەڵخستوە، ئێستاش بۆ ئەوەی ئەو روداوانە نەبنە دیاردە و شێوە بزنسێك بۆ خەڵكانێكی دیاریكراو نەداتە دەست، دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئۆرگانی تایبەت پێك بهێنن بۆ دراسەتكردنی هۆكار و بەرەنجام و لێكەوتەكان هەروەها چارەسەرەكانیش، بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە سەردێری باس و خواسەكان و بنیشتە خۆشەی سەرزاران .