قوتابخانە بیردەکاتەوە....نیشیتمان فێردەبێ

24 شوبات 2017

بەکر کەریم حەسەن

نوسەری ناوداری بەریتانی (سی ئاس لویس)دەلێ " ئەرکی مامۆستا ئەوەیە کە لە بیابان بچێنێ، نەک گژوگیای زیان بەخش لە کێلگەکان ھەڵکێشێ "

ئەو ووتەیە پێمان دەلێ کە ئەرکی مامۆستا سادە و ئاسان نییە و مامۆستاش تەنھا کەسێک نییە و مامۆستایەتیش پیشەیەکی داتاشراو نییە ، بەڵکە پەیوەندی بە باوەڕ و بە زیندووی ویژدان ھەیە، گەر تەماشای ووتەکە بکەین دەزانین کە لە بیابان ڕووەک ناڕوێ واتە ئەرکە کە زۆر قورسە بە ھەموو کەس ناکرێ بۆ پاڕاستنی مامۆستایەتی و چاندنی نەوە لە دوای نەوە و درووست کردن و تێگەیاندن بۆ ئایندە پێویستیمان بە پڕەنسیپی یەکلاکەرەوە ھەیە کە ئەویش خۆ تەرخان کردنی دڵسۆزانە و خۆنەویستانە بۆ پیشەکەمان بۆ پاڕاستنی ئەو ئەمانەتە ئەویش جێ بەجێ کردنی ئەرکی خۆمان بە ووتنەوەی بابەتی پسپۆری خۆت ، نەک بۆ تەواو کردنی بەشەوانە ھەنگاونان و تێکەڵ کردنی پسپۆری تر ، بۆ نموونە مامۆستایی (وەرزش یان ھونەر یان کوردی) وانەکانی بیرکاری یان زانستەکان یان کۆمەڵایەتی بلێنەوە کە ئەمەیان ناحەقییە دەرھەق بە پەروەردە دەکرێ نابێ بە ھیچ شێوەیەک مامۆستای بابەتێک بابەتێکی تری جودا بلێتەوە کە بەدڵنیایی لێی نازانێ تەنھا تەواو کردنی بابەتەکان یان پڕکردنەوەی وانەی بەتاڵ لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە یان کارگێڕی کە داوا دەکرێ وانە بەتاڵەکان بە مامۆستای جودا لە پسپۆری بگوترێتەوە کە ئەمە زوڵمە لە قوتابی دەکرێ لە پەروەردە دەکرێ لە کۆمەڵگا دەکرێ، کە قوتابیەکان ھیچ فێر نابن و بەڵکو وەڕس و بێزار دەبن ئەوەیە قوتابخانە دەکاتە مۆتەکە لە پێش چاوی قوتابی لێرەو لەوێ زۆر جار لە ھەندێک قوتابخانەکان بەتایبەتی قۆناخی بنەڕەتی نابێ بەردەوام بێ وانە پڕکردنەوە ، چونکە ھیچ ئەنجامی باشی نییە بەڵکو لێکەوتەی خراپ لە دوای خۆی جێ دەھێلێ ، جگە لەوەی مامۆستا ھەراسان دەبێ و لە پسپۆری خۆی دووردەکەوێتەوە و توانای داھێنانی نامێنێ، بەڵکو قوتابیەکانیش دادەڕمێن و ھیچ فێر نابن پاشە رۆژیان لێل دەبێ لێرە دا بەرێوەبەر و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە بەرپرسیار دەبن و سەرپەرشتیاری پسپۆری ئەو بابەتە و سەرپەرشتیاری کارگێڕی بەرپرسیار دەبن.

کەس و کاری قوتابیان نابێ بەوە ڕازی بن پێویستە بەداوداچوون لەسەر پاشە رۆژی منداڵەکانیان بکەن ، بە ھەموو لایەک دەبێ ھەوڵ بدرێ قوتابخانە لە پێش چاوی قوتابی جوان و خۆشەویست بکەین و مامۆستاش ئاسوودە بێت، گەر بۆ زانیاریش بێت تەماشای خوێندن بکەین لە ووڵاتی سەنگاپوورە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی (٦)شەش ملیۆن ھاووڵاتی دەبێت ھێندەی کوردستان لەو دوو ساڵەی دوایی (٢٠١٥-٢٠١٦)و(٢٠١٦-٢٠١٧) لە کوالێتی خوێندن یەکەمی جیھان بوو وە بۆ ماوەی (٥)ساڵ پێش ئەوەش لە دوای یەک توانی پلەی دووەم بەدەست بھێنێت .

دەکرێ سوود لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی ئەو ووڵاتە وەربگرین ھەر بۆنموونە کە سەنگاپوورە ووڵاتێکی ھەژارە ، بەڵام گرنگی بە پەڕە پێدانی تواناکانی بنەڕەتی مرۆڤ دەدات و وە گەشەکردنی چۆنایەتی لە پەروەردە کە گرنگترین پایەکانی پەروەردە لەو ووڵاتە مامۆستایە ، ھەڵبژاردن بۆ مامۆستا لە ھەر (سێ) دەرچووی زانکۆیەکیان ھەڵدەبژێرن و بەشداری خوڵ و ڕاھێنان و مەشقی بەردەوامی پێ دەکەن ناھێلن ئەو بەھرە و توانایانە بچنە دەرەوەی ووڵات ، بەڵکو خۆیان سوود لەو توانایانە دەبینن، مامۆستا لە قوتابخانەکانی سەنگاپوورە بە ھیچ کارێکی کارگێڕی خەریک نابێ تەنھا پسپۆری خۆی دەلێتەوە گەر ژمارەی بەشەوانەکانی کەم یان زیاتر بێت ، چونکە لە پسپۆریەی خۆی بەشداری کردووە لە مەشق و ڕاھێنانی بەردەوام بۆ پەڕەپێدان و پێش خستنی تواناکانی ، جگە لەوە مامۆستا مووچەیەکی باش وەردەگرێ ساڵانە و سەرمووچە بەرزکردنەوە بەڵام تەرخان کراوە تەنھا بۆ پسپۆری خۆی پڕۆگرامەکانیان جەخت لەسەر تێگەیشتنی قوتابی دەکاتەوە لە پێناو درووست کردنی کەسایەتی بەھێز بۆ کەسەکان و پەڕەپێدانی تواناکان و گەشەکردنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکان و زانستیەکان، لە ساڵی (٢٠٠٤-٢٠٠٥) حکومەتی سەنگاپوورە سیاسەتی خوێندنی نوێی لە و ووڵاتە جێگیرکرد کە پڕەنسیپەکەی بریتی بوو لە "خوێندنی کەم... فێربوونی زۆر " کە مامۆستاکانیان ھان دەدا بۆ جەخت کردنەوە لە سەر کوالێتی خوێندن وە ڕاھێنان و مەشقی بەردەوام بودجەی تایبەت تەرخان دەکرێ تەنھا بۆ پەڕەپَدانی و گەشەکردنی پسپۆری و تواناکانی مامۆستا و بەرێوەبەر ، جگە لەوەش گرنگی تەواو بە وانەکانی (وەرزش و ھونەر)دەدرێ و مامۆستای پسپۆری بۆ دابین دەکرێ ھیچ وانەیەک فەرامۆش ناکرێ ، گرنگترین درووشم کە لە سەر دەرگای قوتابخانەکان نوسرایە "قوتابخانە بیردەکاتەوە....نیشتیمان فێردەبێ" ئەوەی باسم کرد لەسەر ووڵاتی سەنگاپوورە زۆر بە کورتی بوو کە توانیویانە لە جیھان پێشەنگ بن لە کوالێتی خوێندن دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ووڵاتی وەکو سەنگاپوورە.

مامۆستایەتی ئەرکێکی یەکجار پیرۆزە چونکە لەناخەوە مرۆڤ بینات دەنێ ئەو بینیاتنانە وون نابێ بۆ ئەوەی بیناتنانی تۆکمە بێ پێویستی بە ھەوڵدانی بەردەوام ھەیە سەرباری ئەوەی مامۆستا چەندەھا کێشەوگرفتی ھەیە، بەڵام قوتابی کە دەرئەنجامی پرۆسەکەیە لایەنی کێشەکە نییە بۆ ئەوەی پیرۆزییەکانی مامۆستا بە پرشنگداری و بەرزی بمێنێتەوە و خەڵکی تر و دام و دەزگای تر ھەردەم قەرزاری مامۆستا بێت ، پێویستە پەیامەکەی خۆی بە درووستی بگەینێت ئەویش ئەوەیە کزی و مەلوولی لە چاوەکانی قوتابی بەدی نەکرێت ، بەڵکو مامۆستا ھەردەم پێشڕەو سەرکردە بێت لەمەیدانە کە بۆ پێگەیاندنی نەوەی بوێر و ڕاست گۆ نەوەی بەھێز و چاونەترس نەوەیەک کە ھەردەم پشت لەسەنگەری مامۆستاکەی نەکات، بەڵکو بە مامۆستا و قوتابی ببنە قەلغانێک بۆ پاڕاستنی نیشتیمان و سەربەرزی میللەتەکەمان و خەمخۆری و دڵسۆزی لە کارەکانمان ئەوڕۆش نەبێ بەیانی یان دوواتر بەرھەمی دەبێ وەک چۆن جوتیار دانە گەنمی ووشک دەچێنێ و تەبارەی گەنم دەدورێتەوە...

بەرێوەبەری گشتیی چاڵاکی وەرزش و ھونەر