سێ‌ رۆژ دەوام و چوار رۆژ دەوام.......!!!َ

17 شوبات 2017

ن: عەبدولواحێد محەمەد

جێگای نیگەرانیە ئێستا پرۆسەی پەروەردە بەهەموو قۆناغەكانیەوە لەدۆخێكی زۆر خراپدایە و ئێرەیی پێ نابرێت، واشی لێهاتوە ئەو خراپ بوونە كەس خاوەنداریەتی نەكات، هەرەیەكە و بەشێوازێك خۆی لێ‌ بدزیتەوە یان بەسانایی بیخاتە ملی ئەویترەوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە بەراشكاوانە بەرپرسیاریەتەكە بەپێی كاریگەری قەبارە پۆلین بكرێت، بێگومان بەرپرسیاریەتی حكومەتی هەرێم لەم دۆخە خراپەی پەروەردە و لێكەوتە نەرێنیەكانی بە نمرەی یەكەم دێت ، چونكە پێداویستیە بنەڕەتیەكان بۆ بەرهەڤ بوونی پەروەردەیەكی تەندروست لە ئەستۆی حكومەتە، وەك پرۆگرام، مامۆستای باش، بینا و باڵەخانە، ژیان و گوزەرانی شایستە، ئەوانە هەموی بەیەكەوە خەمی جددی لێنەخوراوە بەم دواییەش دواكەوتنی موچە و پاشەكەوتی نایاسایشی هاتە سەر كە كاریگەری راستەوخۆی كردە سەر كۆی پرۆسەكە وایكرد لەهەموو قۆناغەكان لەنێوان هات و نەهاتدا بێت، زۆر جاران دڵی خۆمان خۆش دەكەین بەوەی پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت، لە راستیدا لە نەبوون باشترە دەنا كەمترین بنەمای زانستی پرۆسەكەی تێدایە، لەساڵانی رابردوو بینە و بەردە لەسەر ئەوەبوو ماوە و كاتی خوێندن بە بەراورد بەو پرۆگرامەی لەبەر دەستدایە كەمە و مەبەستەكان ناپێكێت، كاری لێبڕوانە بەردەوام بوو بۆ ئەوەی تەواوی ناوەندەكانی خوێندن بكرێنە یەك دەوام، تاوەكو روبەری پێویست لەزەمەن بۆ پرۆسەی پەروەردە و چالاكیە جۆراوجۆرەكانیتر فەراهەم بێت، بەڵام ئەوە دوو ساڵە هەموی سەرەوگێڕ بۆتەوە، كۆمەڵێك مۆدێلی تازە هێنراوەتە ناو فەرهەنگی پەروەردە و فێركردن تەواو پێچەوانەی بنەماكان بۆتەوە، وەك سێ‌ رۆژ دەوام و چوار رۆژ دەوام، ئەو وانە لادە و ئەوەیان كەم بكەوە، خۆی كێشەكەش لەوەدانیە ئێستا زەرفێكی جیایەو دەست و پەنجە تا سنورێك لەگەڵ ئەو حاڵەتانە نەرم كراوە، بەلكو كێشە لەوەدایە ئەمە ببێتە ریسا و ساڵانی داهاتوش بەو مۆدێلە نامۆدێلە بەڕێوە ببرێت ، هۆكارێكیتری ئەو ئاڵۆزیەی كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گیرۆدەی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن بۆوە هەڵپەساردنی دەوام بوو، بەبڕوای خۆم و ئەوەندەی شارەزا بم لەكاری رێكخراوەیی و مافە دیموكراسیەكان لەهیچ شوێنێكی جیهان بەمشێوەیە نەبووە، راستە هەڵپەساردنی دەوام و كۆمەڵێك هەنگاویتری مەدەنی لە عورفی كاری رێكخراوەیی و بۆ بەرجەستە كردنی ئەو مافانەی رەوایە دەكرێت بگیرێتەبەر، بەڵام هەمویان و لەپێشەوەیان هەڵپەساردن ریسای خۆی هەیە، بەدیوێكیتر كاتێك تۆ دەتەوێ هەنگاوێك بگریتە بەر بۆ ئەوەی دەتەوێت، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگریت كەسێكیتر یان توێژێكیتر نابێت زەرەرمەند بێت، ئەمە دەقاو دەق لەگەڵ پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دێتەوە، بۆیە ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان رونكردەوە دەست بردن بۆ پرۆسەیەكی بونیادی كارێكی باش نیە، دەكرێت لەرێگای هەڵهێنان یان پیادەكردنی هەنگاوی ترەوە كار بۆ بەرجەستە كردنی مافەكان بكرێت، جگە لەوەش ئەوەشمان شیكردەوە لەهەڵپەساردنی دەوام منداڵی هەژار و خانەوادەی شەهید و چەند توێژێكیتر كە ئیمكانیاتی ئەوەیان نیە لە خوێندنی تایبەتدا بەهرەمەند بن، زەرەرمەند دەبن، زەرەرمەندی ئەوانەش قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆیە ئومێد دەكەین لەداهاتودا هەموو رێكارێك بگیرێتە بەر جگە لە هەڵپەساردنی دەوام، لە قوتابیان و خوێندكارانیش بەشی خۆیان بەرپرسیارن، ئێستا لێیان دەبیستین كە ئەوان زەرەرمەندی سەرەكین و داوای درێژكردنەوەی ماوەی خوێندن یان كەمكردنەوەی پرۆگرام دەكەن، لێرەدا دەبوو ئەو بەڕێزانە لە كات و ساتی خۆیدا لەرێگای رێكخراوەكانیانەوە، لەلایەك وەك هێزگەلێك فشاریان بخستبا سەر حكومەت و هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوەكو هەنگاوی شایستەیان لەمەڕ باشكردنی رەوشی ژیانی مامۆستایان و رەخساندنی ئیمكانیاتی ماددی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكان هەڵ بهێنابا، لەلایەكیتر داوایان لەمامۆستایان بكردبا بۆ خاتری ئەوەی زەمەنیان لەدەست نەچێ و چارەنوسی ساڵێكی خوێندنیان نەكەوێتە قوڕگی نەهەنگەوە دەوام بكەن، دڵنیایین رێژیەكی یەكجار زۆری مامۆستایان ئامادەی ئەوەیان تێدابوو باز بەسەر هەڵپەساردن بدەن و درێژە بە پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەرباری كەموكوڕیەكانیان بدەن، خۆشبەختانە دواجار هەرواش دەرچو، سەرەنجام ئەوەی رویدا دەبێت پەند و عیبرەتی لێ‌ وەربگیرێت، بۆ كەمكردنەوەی ئەو هەژمونە تاڵەش ئێستا سەروەختی هەماهەنگی و قەرەبووكردنەوەیە، بێگومان لەوەش هاتنە پێشی حكومەت و ئیرادەی مامۆستایانی دڵسۆزی دەوێت، تاوەكو بەكردارەكی ئەم ساڵەی خوێندن لە گەروی شوشەوە دەرباز بكرێت، كاریش بكرێت فەرهەنكی هەڵپەساردنی دەوام بەكردارەكی نەهێڵدرێت مەگەر بەپێی پرەنسیپ و بنەماكانی كاری رێكخراوەیی و مۆدێلێكی جوان نەبێت كە پێشتر كراوە و سەركەوتو بووە .