موچە بە پشتی كیسەڵ..!!

25 تەمموز 2017


                                                                         ن: عەبدولواحێد محەمەد
               موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەم هەرێمە وەكو گەشتی كیسەڵەكانی لێهاتوە، دەڵێن كۆمەڵە كیسەڵێك لە نێوان خۆیاندا بیروڕا دەگۆڕنەوە بۆ ئەوەی گەشتێك بكەن، سەرەنجام دوای مشتومڕێكی زۆر لەسەر شێواز و شوێنی گەشتەكە هەروەها پێداویستیەكانی خواردن و خواردنەوە رێكدەكەون، لە رۆژی دیاریكراودا دەست بە رۆیشتن دەكەن، دوای سێ ساڵ دەگەنە ئەو شوێنەی لەسەری پێك هاتبوون ، لەگەڵ گەیشتنیان دەكەونە هەڵپەی ئەوەی خواردنێك ئامادە بكەن، تاوەكو  دوای ئەو هەموو ماندووبوونە پشویەك بدەن و نەختێك توناو وزە بدەنەوە بەر خۆیان، ئیتر دەكەونە هەڵپچڕینی پرێسكەكانیان، لە پڕ كیسەڵێك بە دەم هەنسكەوە دەڵێت، خوێمان لە بیر كردووە و نەمانهێناوە، لەسەر ئەوە دەبێتە بۆڵە بۆڵ لە نێوانیان، دواجار تەگبیر دەكەن و دەگەنە ئەوەی گەنجترین كیسەڵ راسپێرن تاوەكو بە پەلە بڕوات و خوێیان بۆ بهێنێت، كیسەڵە گەنجەكەش دەڵێت باشە من دەچم بۆ خوێ هێنان بەو مەرجەی تا دەگەڕێمەوە كەستان دەسكاری خواردنەكە نەكەن، ئەوانیش هەمویان دەڵێن باشە، كیسەڵ دەڕوات و شەش مانگ تێدەپەڕێت دەنگی نابێت، هەڤاڵەكانی لە چاوەڕوانیدا وەڕس دەبن و دەڵێن، خوێی ناوێت با خواردن ئامادە بكەین و بیخۆین،  بەوجۆرە دەست دەكەن بە ئامادەكاری، لە پڕ و لە نزیك خۆیان كیسەڵە گەنجەكە لە پەنا گاشەبەردێك دەردەپەڕێت و دەڵیت نەموت دەسكاری نەكەن تازە هەر ناچم، تومەز كیسەڵە گەنجەكە متمانەی پێیان نەبووە و چاودێری كردوون ، مخابن موچەی ئێمەمانانیش لەم هەرێمە وەكو بەسەرهاتی ئەو كیسەڵانەی لێهاتوە، سێ ساڵ زیاترە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە دەستی دەستیمان پێدەكەن، جارێك بە بیانوی نەوت هەرزان بوون، جارێكیش بە بیانوی نەقاندنەوەی بۆڕی لە لایەن..........ەوە، جارێكیتریش بە بیانوی قەرزدانەوە، بەمدواییەش بە بیانوی پارە گواستنەوە ، بەراستی بیانوەكەی ئەم  دواییە هەر زۆر سواوەیە، قابیلە موچە بە پشتی كیسەڵ بێت تاوەكو ئەو هەموو ماوەیەی بوێت، بە بڕوای خۆم  دڵنیاشم ئەمە بڕوای زۆربەی هاوڵاتیانیشە ئەو بیانوانە بە گشتی و  ئەوەی ئەم دواییە بە تایبەتی ، هیچی راستی تێدا نیە هەمووی خۆڵ لە چاو كردنی ئەم خەڵكە دڵسۆزەیە، كەسیش باوەڕی بە پاساوانە نەماوە، چونكە هەركاتێك وترابێت ئەوە خەریكە چاك دەبێت و ئەوەتا ئەوە كراوە، هاكە پێداچونەوە بەمزوانە دەكرێت، لە پڕ بۆ ئەوەی نەیكەن بیانوەك دادەتاشن هەموو هیواكان سەرەو گێڕ دەكەنەوە، جارێكیتر فەرمانبەران و مامۆستایان هەناسە سارد دەكەنەوە، دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیانە وایكردووە متمانە زۆر لاواز بێت، ئەلبێرت ئەشتایین دەڵێت((متمانە وەك پەڕەی كاغەز وایە كە جارێك لولت كرد، دواتر هەرگیز وەك خۆی لێنایێتەوە)) ترسیشم هەیە  لەوەی ئەو سیاسەتە كیسەڵ ئاسایە موبەرمەج كرابێت تاوەكو ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە  بەردەوام لەم گەڕاپێچەی ژیاندا بێت و نەپڕژێتە سەر  داواكاری مافە كەسی و بنچینەییەكانی ژیان كە هەتا ئێستا ئەلف و بێی نەبینیوە. واتە كتومت لاسایی كردنەوەی ئەم مەبدەئە(( خەڵكی خۆت برسیكە تا دوات بكەوێت)).