بەسەرهاتی مامۆستایەك و دادپەروەری...!!

25 تەمموز 2017


                                                                                      ن: عەبدولواحێد محەمەد
            لەسەردەمی مەلیك فەیسەلی دووەم، مامۆسایەك لە دێیەكی دەڤەری شارەزوری پارێزگای سلێمانی كە ئەو كات پێیان دەوت (لیوا )دادەمەزرێت، لەگەڵ وەرگرتنی فەرمانی دامەزراندنەكەی لە پەروەردەكەی كە ئەو كات پێیان دەوت ( دائیرەی مەعاریف)، زۆر بە زەوق و شەوقەوە رو دەكاتە دێیەكە تاوەكو پرۆسەی فێركردن و خوێندن وەك ئەركێكی پیرۆز بەڕێوە ببات، لەگەڵ گەیشتنی بۆ دێیەكە بە خەمساردیەوە خەڵكەكە پێشوازی لێدەكەن، ناهەقیان نەبووە، ئەو خەڵكە بەستە زمانەی ئەو دەم لە ژێر كاریگەری حوجرەی فەقێیان و خوێندنی ئاینیدا بوون ، لایەن وابووە  ئەو جۆرە خوێندنە دنیاییە سودی پێویست و رۆژی دوایی نابێت،  بەڵام مامۆستای بەڕێز كۆڵ نادات بەهەر جۆرێك بێت باوەڕ بە هەندێك لە خەڵكی دێیەكە دەهێنێت و ژورێكی بۆ رێك دەخەن وەك قوتابخانە و شوێنی حەوانەوە ، بە رێككەوت لەگەڵ دەسپێكی یەكەم رۆژی دەوامكردندا كە بەلای مامۆستا رۆژێكی زۆر تازە بووە لە ژیانیدا، مانگای ماڵێك دەكەوێتە ناو بیری ئلوخواردنەوە كە تاكە بیری دێیەكە بووە، ئەوە دەبێتە بیانوەكی بەهێز بۆ ئەوانەی بەرهەڵستی كردنەوەی قوتابخانەیان دەكرد، رووداوەكەیان لە ملی مامۆستا و كردنەوەی قوتابخانەدا شەتاند، ئیتر ئەوەیان كردە كراسی عوسمان و مەبەستی خۆیان پێوە هەڵواسی و مامۆستایان دەرپەڕاند و خوێندنیان وەستاند، كەچی ئەو پیاوە دڵسۆزە، لەلایەك وەك بەزەیی بە سادەیی هاوڵاتیانی ئەو دێیە و باوەڕبوونیان بەوەی مانگا بە هۆكاری كردنەوەی قوتابخانە، كەوتبێتە ناو بیرەوە ، لە لایەكیتر وەك داكۆكیكردن لە مافی خۆی كە دەرپەڕاندن و دورخستنەوەی لە ئەركی مرۆڤانەی جۆرێكە لە سوكایەتی، وازی نەهێنا و لە دەرگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیدا بەڵام بێسود بوو، سەرەنجام یاداشتێكی جوان و پوختە دەنوسێ  و دەینێرێ بۆ مەلیك، مەلیكیش  بە وردی دەیخوێنێتەوە و فەرمان بە پارێزگای سلێمانی (عمر علی) كە ئەوكات پێیان دەوت (متصرف)دەكات، تاوەكو بە دواداچونێكی ورد بۆ ئەو رووداوە بكات و راستیەكان ئاشكرا بكات، بە شێوەیەك ئەگەر وەك ئەوەی لە ناوەرۆكی یاداشتەكەی مامۆستادا هاتبوو راست دەرچو ئەوا كاری پێویست بۆ ئەو دێیە بكرێت، ئەگەریش پێچەوانە دەرچو ئەوا سزای یاسایی بدرێت، لەسەر ئەو فەرمانە پارێزگار راستەوخۆ بەدواداچونی بۆ ئەو بابەتە دەكات و، دەگاتە  ئەو باوەڕەی بەڵێ‌ ناوەرۆكی یاداشتەكە راست و تەواوە، لەلایەن خۆیەوە ئاگاداری مەلیك لە راستی یاداشتەكە دەكاتەوە ، ئەویش فەرمان دەكات:
1-    بیرێكی ئاو خواردنەوەیان بۆ لێبدرێت، كە ئەو كات  پێیان دەوت بیری (ئیتوازی).
2-    قوتابخانەكیان بۆ دروست بكرێت.
3-    مامۆستا بگەڕێتەوە و درێژە بە ئەركەكانی خۆی بدات.
بە داخەوە مرۆڤ كە لەو بەسەرهاتە راستە ورد دەبێتەوە،  لە كۆمەڵێك ئەدگار و هەڵسوكەوتی ئەم رۆژگارەی خۆمان نیگەران دەبێت، لەوانە:
1-    دڵنیام ئەو مامۆستا بەڕێزە هەوڵێكی زۆری داوە تاوەكو یاداشتەكەی گەیاندۆتە مەلیك، ئەكید ماوەیەكی باشیش چاوەڕوانی كردووە تاوەكو ئەو بینەو بەردە تەواو بووە ، ئێستا یاداشت نوسین و پڕۆژە نوسین و گەیاندنی  كاتی زۆری ناوێت بە هۆی تەكنەلۆژیای تازەوە، بەڵام ناخوێندرێتەوە و بایەخی پێنادرێت، تەنها پڕۆژە و یاداشتی بەرپرسەكان دەخوێندرێتەوە و جێبەجێ دەكرێت.
2-    بۆ یاداشتی مامۆستایەك مەلیك هاتۆتە سەر خەت و بە دواداچونی كردووە، ئێستا رۆژانە چەندین مامۆستا بە بەرچاوی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن مافەكانیان پێشل دەكرێت كەچی بەربرسێك نیە داكۆكی بكات،  بۆ نمونە قوتابیەك لە شارۆچكەیەك خۆی دەكوژێت لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەر و دەستەی مامۆستایانی نەیانهێشوە پێشێڵی رێكارەكانی ئەزمودان بكات، خاوەنی منداڵەكە سكاڵا دەكات و لەو ساوە تا هەنوكە هەر رۆژە و بە بیانوەك چەرمەسەرانی بەو دەستەیە  دەكات، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی یاسایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ، ناێین بڵێن، ئاخر ئەو مامۆستایانە غەیری جێبەجێكردنی ئەركەكانیان چیتریان كردووە؟ بۆ دەبێت ئەوەندە ماندوو بێتاقەت بكرێن؟
3-    لەم سەروبەندە  نەك مافی مامۆستایەك پێشێڵ دەكرێت، بەڵكو پرۆسەی پەروەردە توشی كۆمەڵێك كێشەی قوڵ بۆتەوە كە خۆی لە خۆیدا پێشێل كردنی مافە گشتی و بونیادیەكانی  كۆمەڵگەیە، كەچی كەس هەژماری لەگەڵ ناكرێت و رۆژ لە دوای رۆژیش خراپتر دەبێت.
          بە راستی بۆ چارەسەركردنی ئەو پێشێل كاریانە، پێویستە سود لە بەسەرهاتی ئەو مامۆستایە و دادپەروەری مەلیك  وەربگیرێت.