پەیامێك بۆ مامۆستایان ....!!

23 ئایار 2017

                                                     ن: عەبدولواحێد محەمەد
      كەس نیە لەم هەرێمە گرنگی پەروەردە و فێركردن نەزانێ، بەبەڵگەی ئەوەی هیچ خێزانێك نیە خەمسارد بێ لە ئاست ناردنی منداڵەكانیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن، تەنانەت ئێستا وایلێهاتوە پێشبڕكێ لەسەر خوێندنی پێش سەرەتایی( باخچەی ساوایان)یش دەكەن، بۆ ئەوەی باشتر ساز و ئامادەبن بۆ خوێندنی تەوزیمی كە لە یەكی بنەڕەتیەوە دەست پێدەكات، كەسیش نیە ئەو راستیە نەزانێت ئەو پرۆسەیە بە كۆمەڵێك پێداویستی فەراهەم كراو بەڕێوەدەچێت، هەرە گرنگەكەیان مامۆستایە، واتە مامۆستا سەرمەشقی كۆی پرۆسەكەیە هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگەكان، لەروانگەی ئەو گرنگیەوە دەبێت مامۆستا لەنێو هەموو كایەكان لەكۆمەڵێك روەوە زیاترین بایەخی پێبدرێت، لەوانە پێگەو كەسایەتی ، راهێنانی بەردەوام، ژیان و گوزەرانی شایستە، راستە بەشێك لەو پێدراو و خەسڵەتانە پەیوەستە بە خودی مامۆستاوە، وەك ، مهرەبانی، پڕ زانستی ، پەیوەندی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەشێكیشی پەیوەستە بەیاسا و ریساكان و بڕیار و راسپاردەكانی حكومەتی هەرێمەوە، ئەوەی تێبینی دەكرێت زۆربەی مامۆستایان چ لە رابردوو چ هەنوكە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان خۆیان بەرهەڤ و ئامادەبكەن بۆ راپەڕاندنی پرۆسەكە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانی لەهەمان كاتیشدا وێژدانی، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە حكومەت و زۆرجاریش راگەیاندنەكان، گرنگی تەواو بەكەسایەتی مامۆستا نادەن، ئەوەی پەیوەستە بەحكومەت لێرە لێی دەگەڕێم چونكە ئەو چیرۆكە تراجیدیە وەختی زۆری دەوێت تا ورد و درشتی هەڵبڕێژرێت، ئەوەی لێرەدا بەگرنگی دەزانم تیشكی بخەمە سەر، لێدانی هەندێك لە راگەیاندنەكانە بەمەبەستی جۆراوجۆر لەكەسایەتی مامۆستا وەك گەواهیدانیش بۆ ئەو شێوە شكاندنە سەیری ئەو تایتلە بكە (( بە سێ مامۆستا چاوی منداڵێك دەتەقێنن)) جارێ ئەگەر راست بێـت یان راست نەبێت كە من دڵنیام بەمشێوەیە نیە، چونكە هیچ لۆژیكێك قبوڵی ناكات بەسێ مامۆستا لەمنداڵێكی (11) ساڵان بدەن، جاروبار هەبووە مامۆستایەك شتێكی لەدەست دەرچوە، بەڵام بۆچی سێ مامۆستا؟ خۆ ئەوە شەڕی دەستە و یەخە نیە، یان خوانەخواستە شەڕی هۆز و هۆزكاری نیە، گریمان ئەوەش بووبێت وەكو حاڵەتێك لەو چەند حاڵەتەی پێشوتر، چ ماقوڵیەتی تێدایە راگەیاندن بێت و بە نوسینێكی پان و پۆڕ و  بەدەنگێكی زڕ بنوسێت و بڵێت (  سێ مامۆستا چاوی قوتابیەك دەتەقێنن) یان چەند تایتلێكی زڕتر لە رابردوودا، بزانن یان نەزانن ئەو راگەیاندنانە خزمەتی پرۆسەی پەروەردە ناكەن و بە راستەوخۆ بەنزین بەسەر ئاگردا دەكەن  ئاشتی كۆمەڵایەتیش دەخەنە ژێر پرسیارەوە، خێرە لە رودانی حاڵەتێكی لەو شێوەیە كە خۆی لەبنەڕەتدا ناكاتە رێژەی یەك لە دەهەزاری كۆی مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە كاتێكدا لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتوەكانیش روداوی وا هەبووە و دەبێت، بگرە خراپتریش،  ئەو حاڵەتانە گەورە دەكەن و كۆی پرۆسەكە بە ناواقعی لێكیدەدەنەوە و هەزار و یەك خوێندنەوەی بۆ دەهۆننەوە، لێكەوتەكانیش هەرمەپرسە سەرێك بۆ ئەملا و سەرێكیتری بۆ ئەولا دەبەن سەرەنجام وای پیشان دەدەن ئەم هەرێمە بۆتە جەنگڵستان لە بواری پەروەردە و فێركردن ئیتر كەڵكی پێوە نەماوە، پرسیاری گرنگیش ئەوەیە ئەرێ‌ بۆ تەنها لەو كاتانە پرۆسەی پەروەردە و فێركردنتان بە بیردێـتەوە و فرمێسكی بۆ هەڵدەڕێژن؟ بۆ باسی ئەو هەموو مامۆستایە ناكەن  كە بەمهرەبانی و بەبێ دەرەتان شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەكتر بۆ ئەوەی خزمەتی نەوەكان بكەن؟  بۆ بەشێك لەو پانتاییە زۆر و زەوەندی لەبەر دەستاندایە بەو هەموو ئیمكانیەتە بێ سنورەوە بۆ پەروەردە و فێركردن تەرخانی ناكەن؟ تاوەكو فاكتۆری داكشانەكان و بنەماكانی بەرەو پێشەوە چونەكان رون بكەنەوە؟  باشە بۆ كاتێك مامۆستایەكیش غەدری لێدەكرێت و توندو تیژی بەرامبەر دەكرێت باسی ناكەن یان ئەگەر باسیش بكەن بەدەستی ئەنقەست و بەمەبەست شیكاری بۆ دەكەن؟ لێرەدا پەیامێك بۆ مامۆستایان بەپێویست دەزانم ، هەموتان سەرمەشقی ئەم گەلەن، بەمهرەبانیەوە مامەڵە بكەن، مەهێڵن هەندێ‌ كەناڵی راگەیاندن بتان كەنە پێخۆر بۆ رەواجدان بەگوتارە پڕ لە پرسیارەكانیان، با ئێمە لەهەموولا باشتر و خۆڕاگرتر بین، چەرچڵ دەڵێت (( سەركەوتن كۆتایی نیە، ،شكستیش كوشندە نیە، ئەوەی كە ئەژمار دەكرێت خۆڕاگریە بۆ بەردەوامبوون)) سەرەنجامیش هەر ئێوە  دەیبەنەوە.