پەنجاوپێنجەمین ساڵیاد و حاڵی مامۆستا ببینە...!!

17 ئایار 2017


                                                                                               ن:عەبدولواحێد محەمەد
     چەند رۆژێك بەر لە ئێستا دروست لە 15 ئایاردا، لەسەروەختی كاری رۆژانەی خۆمدا خەریكی ئەوەبووم لە ماڵەوە دەربچم، دوای چەند هەنگاوێك یەكێك بانگی كردم، وتی مامۆستا لە پەنجاو پێنجەمین ساڵیادا حاڵی مامۆستا ببینە، سەیرم كرد مامۆستایەكی قۆناغی بنەڕەتی یەكێك لە ناوندەكانی خوێندنی نزیك لە ماڵەكەی خۆم بوو، بە عارەبانە ساردەمەنی (ئەزبەری) دەفرۆشت، كۆمەڵێك منداڵی خنجیلانە دەوریان دابوو، دڵنیام منداڵەكان نەیاندەزانی ئەوە مامۆستایە و لەدەردی حاڵی خۆیدا ئەو كاسبیە  دەكات، لە راستیدا زۆر نیگەران بووم لەو دیمەنەپڕ لە ئێش و ئازارە، راستە كاسبی كردن نەنگی نیە و ئاساییە، بەڵام بەراستی بۆ هەر توێژێكیتر ببێت بۆ مامۆستا نابێت، چونكە مامۆستا لە دێرزەمانەوە و لەناو كۆمەڵگە و لەبەرچاوی قوتابیان و خوێندكاران، ئێستاشی لەگەڵدا بێت رەمزی مەعریفەت و سومبلی كۆمەڵێك رەفتار و خەسڵەتی تایبەتە، دڵنیام ئەم دیمەنە و ئەو شێوەیە كاسبیە لە هەموو شارەكانی كوردستان هەیە، دیارە هەموشمان دەزانین ئەوە دەرهاویشتەی ئەو بارودۆخە داراییە سەختەیە كە لە ئەنجامی داسەپاندنی ئەو پاشەكەوتە ئیجباریەیە كە نزیكەی دوو ساڵە بەسەرماندا سەپێندراوە، وایكردووە مامۆستا مەجبور بێت جۆرەها كاسبی بكات لە پێناو دابینكردنی پاروە نانێ بۆ خۆی و منداڵەكانی، بە دارسانەوەش دەیڵێم ئەوە تەنها كاریگەری لەسەر چەند تاكێك نابێت بەلكو لەسەر كۆی كۆمەڵگە دەبێت، ئەم وەزعە لە كاتێكدایە لە دروستبوونی مرۆڤایەتیەوە مامۆستا بەپێی قۆناغەكان گرنگی خۆی هەبووە، لە شارستانیەتە كۆنەكان، لەسەردەمی یۆنانیەكان، پێ بە پێ و لەگەڵ مێژوو ئەو گرنگیە هەر هەبووە كەس دەستبەرداری نەبووە،لە چەندین وێستگەدا مامۆستا بە پێغەمبەر هەژماكراوە، لەم سەردەمەش ئەو كۆمەڵگەیانەی لەو گرنگیە تێگەیشتون بە وردیەوە حساب بۆ ئەو توێژە دەكەن، ئێستاش یابانیەكان مەكانەی ئەو توێژە لەبەرهەڤ بوون لە ژیانێكی شایستە وەك ئیمپراتۆر هەژماری بۆ دەكەن، ئەڵمانەكان لەسەر زاری راوێژكارەكەیانەوە مامۆستای بە سەرتۆپی توێژەكان ناوزەد كرد، ئەوەش كاتێك هات كە كۆمەڵێك ئەندازیار چونە لای داوای ئەوەیان كرد، ژیان و ئیمتیازاتیان وەك مامۆستایان بێت، ئەویش وتی خۆتان بەراورد مەكەن بە توێژێك كە ئێوەیان پێگەیاندووە هەر دەبێت ئەوان لەسەرەوە بن، ئێوەش مافی خۆتانە داواكاریتان هەبێت بەڵام بەبێ بەراوردكردن بە مامۆستایان، زۆر بە داخەوە لە كاتێكدا ئەو راستیانە هەموان دەیزانین، خۆشیان لە چەندین بۆنە و رێوڕەسمەدا دووپات و دەپاتیان كردۆتەوە كە قەرزاری مامۆستایانن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقعدا دروشمەكان و ئەو وتانە تەرجومە ناكەن و هەنگاوی لێبڕراوانەی بۆ هەڵناهاوێن، هەموانیش ئاگاداری پەروەردە و فێركردنن بە هەموو قۆناغەكانیەوە لە دۆخێكی نالەباردایە بەمشێوەیە بڕوات نە كۆمەڵگەیەكی تەندروست نە دوارۆژێكی مسۆگەری لێیەوە بەرجەستەنابێت، چەندیش دوا بكەوێت لێكەوتەكانی كاریگەر و خراپتر دەبێت،بەراستی كاتی هاتوە كۆتایی بەم كەم بایەخیە بهێنرێت و بڕیاری پێویست لەمەڕ باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بدرێت، پرۆسەی پەروەردە و فێركردنیش بخرێتەوە سەر شاڕێگەی خۆی.