یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشداری كۆنفرانسی وەزارەتی پەروەردە دەكات

20 ئاب 2017



رۆژی پێنج شەممەی رێكەوتی 17/8/2017 لە هۆتێلی رۆتانا لە هەولێر كاتژمێر (10) ی سەرلەبەیانی بەچاودێری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی رێكخراوی یونسێف بەدروشمی( خستنەڕووی توێژینەوەی تێچوو و سوودەكانی بۆ فێركردن) كۆنفرانسێكی ئەنجامدا، بەڕێز مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەم كۆنفرانسەدا وتارێكی بەناوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێشكەش كرد، وێڕای وتارەكانی سەرۆكی حكومەت و وەزیری پەروەردەو لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، شایانی باسە چەندین كەسایەتی و پسپۆڕ و بەرپرسانی سەفارات و كونسلگەرییەكان و سەرمایەداران و نوێنەرانی كۆمپانیاكانی كەرتی گشتی و تایبەت و رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان و بەرپرسانی پەروەردەیی ئامادەی كۆنفرانسەكەبوون، ئەمەش دەقی وتاری یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە كە لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەشكرا:
                               
                   وتاری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ كۆنفرانس
-- رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ..
- بەڕێز د.پشتیوان صادق وەزیری پەروەردە..
- بەڕێزان ئامادەبووانی خۆشەویست ..
خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەم كۆنفرانسە ئامادە دەبین كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بەهەماهەنگی رێكخراوی یونسێف بەڕێوە دەچێت، سازدانی ئەم كۆنفرانسە دەرفەتێكی رەخساندووە بۆ ئەوەی بتوانرێت شرۆڤە و شیكاری بەشێك لە سێكتەرەكانی بواری فێركردن و پەروەردە و مامۆستایان لەم كەرتە هەستیارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی تێدا بكرێت، ئێمە لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هاوبەشی سەرەكین لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و كار و ئەركەكانمان تەواوكەری یەكترن، بۆ هەموو هەنگاو وپرسەكانیش ڕاو بەرنامەو پڕۆژەی جۆراوجۆرمان پێشكەش بە وەزارەت و حكومەت كردووە كە دەرەنجامی بۆ خزمەتی مامۆستایان و پرۆسەكە تەواو دەبێت، ئەوەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە گرنگی دەزانێت و پێویست دەكات تاوتوێ‌ بكرێت، لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەیخەینەڕوو:
یەكەم: پەروەردە وفێركردن لە سێ‌ كۆڵەگەی سەرەكی پێكدێت( قوتابی، مامۆستا، قوتابخانە) جومگەكانی دیكە هەمووی تەواوكاری ئەرك و كاری یەكترن بۆ خزمەتی ئەم سێ‌ كۆڵەگە وتەوەرە سەرەكییە، كە سەرەنجام بۆ پێگەیاندنی نەوەكانی دوارۆژە بە شێوە وشێوازی جۆراوجۆر و بەرهەمێكە ئامادە دەكرێت بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان و ئایندەی وڵات. نێودەوڵەتی پەروەردەیی(EI) لە دوا كۆنگرەیدا لە ئۆتاوا (17) ئامانجی گشتی پۆست (2015) ی بۆ باشتركردنی داهاتووی كۆمەڵگەكان پەسەند كرد، چوارەمین ئامانج تایبەتە بە پەروەردەو فێركردن بە دروشمی( دەستەبەركردنی فێركردنی باش و دادپەروەرانە وگشتگیر بۆ هەموان) هاتووە كە پێویستی بە هەڵهێنانی هەنگاو و بڕیاری سیاسی پێویستە لەلایەن حكومەت و وڵاتان بۆ پابەندبوون و جێبەجێكردنی ئامانجەكان، ئەوەی داینەمۆی پرۆسەكەیە مامۆستایان و پەروەردەكارانن كە كاراكتەری سەرەكی و مەیدانین لەقوتابخانە و لەناوپۆلی خوێندندا سەركردەن و هەموو ئەرك و كارەكان و پرۆژە و بەرنامە و سیستەمەكان دەبێت ئەو جێبەجێیان بكات و ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرێت، بۆیە وتراوە (كاد المعلم ان یكون رسولا)، پەیامبەرێكە ئەركی زۆر قورسە، بەرامبەر ئەو ئەركە سەختە و پەیامە پیرۆزەی مامۆستا دەبێت حكومەتیش ئەوەندەیتر قەدر و بەهای مامۆستایان و ئەو پیشە پیرۆزە بگرێت كە چیتر نەهێڵێت مامۆستایان سەختی باری ژیان كاریان تێبكات و بژێوی ژیانیان بە كولە مەرگی بەسەربەرن و بەچارێكە موچە كە ئەویشیان مانگانە لەكات و ساتی خۆیدا نادرێت ناچێتە سەر، ئەگەر بژێوی ژیانی مامۆستا باش نەبێت هەڵبەتە بەرهەمەكەشی باش نابێت و ئامانجەكانیش ئەو بەرهەمەی نابێت. بۆیە جەخت لە چاكتركردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان دەكەینەوە و داواكارین پێداچوونەوە بە سیستەمی موچەو پاشەكەوتی موچەدا بكرێت.
دووەم: خۆڕاگری و كۆڵنەدانی مامۆستایان بەرامبەر ئەو بارە دژوار و سەختەی كە هاتۆتە پێش لەقەیران و بارودۆخی خراپی دارایی، دووبارە هەڵوێستی جوامێرانە و مەردانەیان لە درێژەپێدانی خوێندن بە ویژدان و هەڵسان بە ئەركی نیشتیمانیان دیسان سەربەرزانە وەستانەوە، ئەم هەڵوێستەیان مایەی شانازی و رێز و تەقدیرە، بۆیە ئەركی حكومەتە ئەولەویەت بداتە كەرتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و مامۆستایان بكاتە سەرقافلەی پلەوپایەكان و شایستەترین موچەیان پێببەخشێت.
سێیەم: پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایان و رێكخستنی میلاكی قوتابخانەكان و كێشەكانی نەبوونی مامۆستایانی پسپۆرییەكان و كێشەی گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان پەروەردەكان ونەبوونی بەدیل و گیرخواردنیان و نەدۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەم گرفتانە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە پێویست دەكات ئەو كەلێنە گەورەیە پڕبكرێتەوە و ئەلتەرناتیڤی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
چوارەم: پەككەوتنی پرۆسەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و لاوازبوونی ئەم بوارە كاریگەری زۆری نواندووە، بۆیە بەپێویستی دەزانین چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەم بابەتە بكرێت، لەبەر ئەوەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و چاودێری قوتابخانەكان بەشێوەیەكی مەیدانی و راستەوخۆ ئەم ئەڵقەی پەیوەندییەی سست كردووە، ئەم پلە وەزیفیە بە دەرماڵە و پاداشت چارەسەر نابێت، بەڵكو بە دەسەڵاتدان و داڕشتنی سیستەمێكی كارای كار و هەیكەلێكی تازە ئەدای بەهێزتر و بەرهەمی زیاتر دەبێت.
پێنجەم: پرۆسەی دانانی بەڕێوەبەر و كارگێڕی قوتابخانەكان، پێویستی بە پێداچوونەوە وچاكسازی بنەڕەتی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەدای بەڕێوەبەر پەیوەستە بە خاڵە بەهێز و لاوازەكانی تەواوی ئەدای هەر قوتابخانەیەك، بۆیە سیستەمی بەڕێوەبردن پێوەری راستەقینەی سەركەوتنی سیستەمی پەروەردەیی و هەموو ئەزموونەكانە.
شەشەم: بوونی قوتابخانە و پەیمانگەی ئەهلی و رێگەپێدانیان لە وەزارەتەوە، بەگوێرەی پێویست هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون لە ئاست و بەرهەم و ئەدایان ناكرێت بە بەراورد لەگەڵ قوتابخانە حكومیەكان، لەكاتێكدا دەبێت وەبەرهێنان لەم بوارەدا بەرهەمی زۆر و زیاتر پێشكەش بكات، بۆ ئەم مەبەستەش دیراسەتی وردی پێویستە.
حەفتەم: پەرەپێدانی تواناو لێهاتوویی مامۆستایان لە كردنەوەی خولی بەردەوام و بەرجەستەكردنی هەلومەرجی كاركردنی شایستە و پاراستنی مافی مامۆستایان و رێزگرتنیان لەو ئەرك وپیشەیە، لەبەر ئەوەی پەروەردە بە مامۆستا بەڕێوە دەچێت، زۆرجار رێنمایی و رێساكان دەبنە لەمپەر لەبەردەم مامۆستایان و لەدەسەڵات و پلەوپایەیان كەمدەكاتەوە، زۆرجاریش مامۆستایان توندوتیژیان لەبەرامبەردا بەكار دەهێنرێت، بۆیە دەبێت كار بۆ گێڕانەوەی حەصانەی مامۆستایان بكرێت بۆ ئەوەی مافیان پارێزراوبێت.
هەشتەم: نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی و بەشداری راستەقینە لەنێوان یەكێتی مامۆستایان و حكومەت لە داڕشتنی بەرنامەو پرۆژەو بڕیارو بەڕێوەبردنی سیاسەتی حكومەت و بەشداری نەكردنی رێكخراو و یەكێتی و سەندیكاكان لە بەڕێوەبردنی وڵات هۆكاری سەرەكین كە لاوازی و كێشە و گرفتی زۆر دێنەپێش پرۆسەكان، تەنها لەكاتی سەرهەڵدانی قەیران و كێشەكان هەندێك پرس و ڕا دەكرێت، یاخود دانوستاندن و گفتوگۆكردن دێتەپێش، بۆیە بوونی ئەنجومەنێك یان ژووری كاركردنی هاوبەش لەنێوان حكومەت و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان هەبێت كە بۆ خزمەتی كۆی پرۆسەكە تەواو دەبێت.
لەكۆتاییدا ئەو خاڵانەی كەماون ئاماژەیان پێبكەین زۆرن بۆیە لە كۆنفرانسەكە و لەرۆژانی داهاتوودا لە نزیكبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن بەرنامەو پرۆژەكانمان دەخەینەڕوو، سوپاسی ئەم دەرفەتەتان دەكەین كە بۆتان رەخساندین، هیوای سەركەوتنی ئەم كۆنفرانسە و تەواوی هەنگاوەكانتان بۆ دەخوازین. لەگەڵ رێزماندا.

                                                      یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
                                                             مەكتەبی سكرتاریەت
                                                                   17/8/2017