دارایی چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات

13 تەمموز 2017


وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕێنمایی تایبەت بەخەرجكدرنی كرێی وانەبێژیی مامۆستایان دەردەكات و ڕێنماییەكەش لەساڵی خوێندنی (2017 ـ 2018) جێبەجێدەكرێت، لەڕاگەیەنراوێكیشدا وردەكاریەكانی ئاشكراكردوە.
بەگوێرەی خاڵی یەكەمی ڕێنماییەكەی وەزارەتی دارایی، كرێی ئەو مامۆستایانەی كە لەسەر میلاكی هەمیشەیین، بۆ هەر كاتژمێرێك بڕی دوو هەزار دینار خەرجدەكرێت بەمەبەرجێك نیسابی وانەوتنەوەی خۆی تەواوبكات.
ئەوەش ڕونكراوەتەوە، كرێی وانەبێژی بۆ ئەو مامۆستایانەی دانەمەزراون بەمشێوەیە دەبێت، ((بڕوانامەی دبلۆم سێ هەزار دینار، بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دبلۆمی باڵای یەكساڵ چوار هەزار دینار، بڕوانامەی ماستەرو هاوتاكانی پێنج هەزار دینار، بڕوانامەی دكتۆراو هاوتاكانی شەش هەزار دینار)).
ئەوەش ڕونكراوەتەوە، كرێی وانەبێژیی مامۆستایانی دانەمەزراو لەخوێندنگەكان بەسیستمی ئینگلیزی بەمشێوەیە دەبێت، ((دبلۆم چوار هەزار دینار، بەكالۆریۆس و دبلۆمی باڵای یەكساڵ پێنج هەزار دینار، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو هاوتاكانی شەش هەزار دینار، دكتۆراو هاوتاكانی حەوت هەزار دینار)).
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردوە، كار بەڕێنمایی ژمارە نۆی ساڵی 2016 دەكرێت كە تایبەتە بەخەرجكردنی كرێی وانەبێژی مامۆستایانی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەبڕی 100 هەزار دیناری مانگانە.