بۆ وەرگرتن لە بەشى یاسا نابێ نمرەى زمانەکانى کوردى، عەرەبى، ئینگلیزى لە (٧٠%) کەمتر بێ

08 حوزەیران 2017

لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا چەندین بڕیارى گرنگ درا

 

بۆ وەرگرتن لە بەشى یاسا نابێ نمرەى زمانەکانى کوردى، عەرەبى، ئینگلیزى لە (٧٠%) کەمتر بێ

 

بەڕیوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەئامادەبونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی (٦/٦/٢٠١٧)بەڕێوەچو، لە چەند تەوەرێکى جیادا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى پەیوەست بە خوێندکاران و خوێندنى باڵا تاتوێ کران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.


بارودۆخى دارایى و ئابورى هەرێم بەرەو باشى دەڕوات

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا کورتەیەکى لەبارەى دۆخى دارایى هەرێمى کوردستان پیشکەشکرد و ڕایگەیاند: بارودۆخى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان بەرەو باشى ڕۆیشتوە، هەربۆیە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریداوە پێداچونەوە بەسیستمى پاشکەوتى موچەدا بکات، بەڵام تا ئێستا ڕێژە و کاتەکەى بڕیارى لەسەرنەدراوە، ئاشکراشیکرد، کە حکومەت و هەموو وەزارەتەکەان کەتونەتە خۆ بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجى، ئەوەشى ڕاگەیاند: سیستمى بایومەترى سودى زۆرى هەربوە، بەشێوەیەک دەیان هەزار کەس ناوى خۆیان تۆمارنەکردوە.


داهاتى زانکۆکان بۆتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان

لەبارەى دۆخى دارایى وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان، د.یوسف گۆران وتى: دواى ئەوەى پڕۆژەى هەنگاو بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان لەلایەن سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەسندکرا، لەسەر ئەو بنەمایە حکومەت تا ئێستا سەرجەم بڕگەکانى ئەو پڕۆژەیەى جێبەجێکردوە و، ڕێژەى (٧٠%) داهات بۆ زانکۆکان خەرج دەکرێ و، بەهۆى جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەوە لەساڵى پارەوە تا ئێستا نزیکەى (١٩) ملیار داهاتى زانکۆکان و وەزارەت بەدەستهاتوە و، لەو بڕەش نزیکەى (٦) ملیار دراوە بە وەزارەتى دارایى، وتیشى ئەوە دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ وەزارەت و زانکۆکان، بۆیە دەبێ شانازى بەو دەسکەوتە گرنگ بکەین و، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران وردەکارییەکانى ئەو داتایە دەخەینەڕو، لە کۆتایشدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ڕایگەیاند: چەند بتوانین سیستمى بەڕێوەبردنى دارایى خۆمان پتەوتر بکەین، بەهەمان شێوە دەتوانین ئاستى زانستى زانکۆکان پێشبخەین.


لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کارنامەى کۆبونەوەکە خرایە بەر باس و، ئەندامانى ئەنجومەن گفتوگۆیان لەبارەى سەرجەم تەوەرەکان کرد و، دواى خستنەروى چەندین پێشنیاز، بڕیارى گونجاو لەسەر سەرجەم تەوەرەکان درا.


بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین دادەمەزرێ

لەو چوارچێوەیەدا و، لە خاڵى یەکەمى کۆبونەوەکەدا دانانى بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین خرایە ڕو، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتى: کاتى ئەوە هاتوە بۆردێکى نیشتمانى و متمانە بەخشین دابمەزرێنین، چونکە یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکان بۆ کواڵیتى خوێندن لە جیهاندا، وتیشى وەک وڵاتانى جیهان گرنگە ئێمەش بۆردێکى نیشتیمانیمان هەبێت بۆ ئەوەى مامەڵە لەگەڵ بۆردێکى نێودەوڵەتى بکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى کە دەخوازن ئەو بۆردە سەربەخۆ بێ، بەڵام تا ئەوکاتەى یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەموار دەکرێتەوە لە ژێر سەرپەرشتى وەزارەت دەبێ، سەبارەت بە ئەرک و کارەکانى ئەو بۆردە د.یوسف گۆران ڕونیکردەوە کە کارى ئەو بۆردە تایبەت دەبێ بە کواڵیت و ڕانکیکنگى زانکۆکان و متمانە بخیشن، ئاشکراشیکرد وەک هەنگاوى یەکەم لێژنەیەکى تایبەتمەند دروست دەکەین بۆ ئەوەى ئەو بۆردە دروست بکەن، بۆ ئەوەش پەیوەندى بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانى تایبەت بەو بوارە بکەن و گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەى ئەم بۆردە دروست بکەین و دواتر لەم ئەنجومەنە بریارى لەبارەوە بدەین.


هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت چەندین پێشنیاز و بیروبۆچونیان خستەڕو بۆ چۆنیەتى و گرنگى هەنگاوەکانى دامەزراندنى ئەو بۆردە، لە کۆتایشدا بەکۆى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێکهێنانى بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین پەسند کرا.


جینۆساید دەبێتە بابەتێکى خوێندن لە سەرجەم کۆلێژ و زانکۆکانى کوردستان

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى خوێندنى جینۆساید لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بابەتى جینۆساید یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان، بۆیە وەک زانکۆکان دەبێ بەشدارى زیاترمان لە ناساندنى ئەو بابەتە هەبێ، بەشێوەیەک دەبێ وا بکەین هەمو تاکێکى کورد مەسەلەى ناساندنى جینۆساید بناسێنین، چونکە جینۆساید بۆتە بەشێک لە ناسنامەمان، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ڕاشیگەیاند: کە دەبێ زانکۆکان بتوانن ڕۆڵێکى زیاتر لەو بوارە بگێڕن و، لە هەمو بەشەکانى خوێندن  جینۆساید وەک زانست بخوێنرێت و، ببێتە بابەتێکى زانستى و، زانیارى تەواو لەسەر جینۆسایدى نەتەوەکانى دیکەى وڵاتانیش تیدا بخرێتەڕو، لە کۆتایشدا وتى: بۆ ئەو بابەتە چەندە خەڵکى شارەزا و پسپۆڕ و کەسانى ئەکادیمى هەیە بانەگەوازیان بۆ دەکەین و، لە چوارچێوەى لێژنەیەکدا کۆیان دەکەینەوە بۆ ئەوەى لایەنەکانى ئەو بابەتە ڕێکبخەن، بۆ ئەوە مەبەستەش ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت چەند پێشنیازێکیان خستەڕو، دواتریش بەکۆى دەنگ ئەنجومەنى وەزارەت بریاریدا بابەتى خوێندنى جینۆساید لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێندرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە شارەزییان و کەسانى پسپۆر لە ناوەو دەرەوەى کوردستان دەکات خۆیان ئامادە بکەن بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە.


پێداچونەوە بەیاساى وەزارەتى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکرێ

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، تاوتوێى چۆنیەتى پێداچونەوە بەیاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران ڕاێگەیاند: یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەموکوڕى زۆرى تێدایە، وتیشى لەسەرەتاى هاتنمان بۆ وەزارەت پڕۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەى ئەو یاسایە لە ئەنجومەنى وەزیران هەبو، بەڵام لە هەنگاوى یەکەمى کارکردنماندا ئەو پڕۆژەیەمان گەڕاندەوە، چونکە ئەو یاسایە لەگەڵ دۆخى خوێندنى باڵا-ى ئێستاى هەرێمى کوردستان ناگونجێ، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەمانەوێ زیاتر بەرە و سەربەخۆى دارایى و کارگێڕى بڕۆین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد لێژنەیەکى باڵا لە سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداچونەوە بە یاساکان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا داوایان لە وەزارەتەکان و دامەزراوەکان کردوە پێداچونەوە بەیاساکانیان بکەین، لەبەر ڕۆشنایى ئەو بریارە ئێمەش لە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبێ لە داتایەکدا سەرجەم یاساکان کۆبکەینەوە، وتیشى تێڕوانینى حکومەت هەیە بۆ ئەوەى سەرجەم دامەزراوەکان بەرەوە لامەرکەزى کارگێڕى بڕۆن، لەهەمان کاتدا هاندانى کەرتى تایبەت هەیە لەناویشاندا کەرتى تایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: لە چوارچێوەى دیدگاکانى حکومەت بۆ لامەرکەزیت و هاندانى کەرتى تایبەت و، لەهەمان کاتدا لە چوارچێوەى کار و ستراتیژى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبێ بەیاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا بچینەوە، وتیشى دەبێ لە ماوەیەکى دیاریکراودا زانکۆکان دیدوبۆچونەکانیان ڕەوانەى وەزارەت بکەن بۆ چۆنیەتى هەموارکردنەوەى یاساک و دەستنیشانکردنى خاڵە لاوازەکانى یاسا کارپێکراوەکانى ئێستا.

 

کردنەوەى سێنتەرەکانى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆکان

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە کردنەوەى سێنتەرەکانى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانى (سات ١) و( سات ٢) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران وتى: ئەنجومەنى وەزارەت لە دواین کۆبونەوەى خۆیدا بڕیاریدا ڕێژەى (٥%) کورسى خوێندنى وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان تەرخانکرد، وتیشى ئامانجمان لەو بڕیارەدا ئەوەبو کە خەڵکى دیکە بهێننە ناو سیستمەکەمان و بۆ خوێندن نەڕۆنە زانکۆکانى دەرەوە، وەزیرى خویندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وتیشى قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان بۆنەتە بەشێک لە سیستمى خوێندنى هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا وەزارەت بڕیاریدراوە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانى (سات ١) و( سات ٢)  بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان ئەژمار بکرێ،  بۆیە بۆ تەواوکردنى ئەو بڕیارانەى پێشتر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى ڕاسپارد هەوڵ بدەن بۆ کردنەوەى ئەو سێنتەرەى تاقیکردنەوانە لە زانکۆکانیان، وتیشى ئەوەش بۆ لایەنى دارایى زانکۆکان و، باشکردنى پەیوەندى زانکۆکانیش سودى دەبێ، وتیشى لە برى ئەوەى خوێندکار لە شوینیکى گشتى تاقیکردنەوە بکات باشترە لە ناوەندێکى ئەکادیمى و لە زانکۆ بکرێ.


بۆ وەرگرتن لە بەشەکانى یاسا نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى نابێ لە (٧٠) کەمتر بێ

 

هەر لەو کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزارەتدا، گفتوگۆ لەبارەى پێشنیازێکى بۆردى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران کورتەیەکى لەسەر پێکهاتە و کارەکانى بۆردەکە پێشکەشکرد، وتیشى ئەندامانى بۆردەکە سەردانى ئاڵمانیایان کرد، وتیشى لە گەڕانەوەیان چەند پێشنیازیکیان هێناوەتەوە، وتیشى داوایان کردوە بۆ وەرگرتن لە خوێندنى یاسا لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان زمانەکانى (کوردى، ئینگلیزى و عەرەبى) ڕێژەى (٧٠%) دیارى بکرێ، چونکە سیستمى خوێندنى لە بەشەکانى یاسا تا ئیستا زۆرى بەعەرەبیە لەهەمان کاتدا بەرەو کوردبونیش دەڕوا، جگە لەوەش زمانى ئینگلزی زمانێکى جیهانیە.


لە کۆتایدا و، دواى خستنەڕوى پێشنیازەکە، ئەندامانى ئەنجومەن چەند پێشنیازیکیان خستەڕو، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بۆ وەرگرتن لە بەشى یاسا لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان نابێ نمرەکانى زمانەکانى (کوردى، عەرەبى، ئینگلیزى) رێژەى (٧٠%) کەمتر بێ، لەهەمان کاتدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا ئەو بڕیارە لە وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) جێبەجێ بکرێ.


زانکۆى زانستە کردارەکیەکان و ڕاهێنانى پیشەیى تاوتوێ کران

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە بۆردى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ئاراستەیەکى گشتى هەیە بۆ بایەخدان بەخوێندنى کردەیى و پیشەیى لە کوردستان، لەهەمان کاتدا ئامانج لە کردنەوەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بۆ بایەخدان بو بەخوێندنى پیشەیى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد چەند پڕۆژەیەک بۆ کردنەوەى زانکۆى کردارەکى و پیشەیى پیشکەش بە وەزارەت کراوە، وتیشى ئێستا ئەو پرۆپۆزەڵانە بە رێوشوینە یاسایەکانى خۆیدا دەڕوا و لە لێژنەى باڵاى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ، هەر کاتیش پرۆسەکە تەواو بو، دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنى وەزارەت بۆ ئەوەى دوا بڕیاریان لەسەر بدرێ.


کۆتایى کۆبونەوەکە

لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا چەندین بابەتى دیکەى پەیوەست بەکاروبارى خوێندکاران، کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و، کاروبارى کارگێڕى و دارایى و نوسراوى زانکۆکان تاوتوێکران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.


http://www.mhe-krg.org/ku/node/3551

 

یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان

فۆتۆگه‌له‌ری