قوباد تاڵه‌بانی: مامۆستایان قوربانی زۆریان داوه‌

16 ئایار 2017

به‌بۆنه‌ی 55 مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م مامۆستایان ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان

به‌ بۆنه‌ی 55‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستانه‌وه‌،‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ ئێوه‌ و سه‌رجه‌م مامۆستایان ده‌كه‌م و ئومێدی پێشكه‌وتن وگه‌شه‌كردنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم.

یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ئه‌ركی پیشه‌یی و دیموكراسیدا نمونه‌یه‌كی زۆر جوانیان پێشكه‌ش به‌ میلله‌ته‌كه‌یان كردوه‌ ورۆڵێكی گرنگیشیان هه‌بووه‌ له‌ ڕێكخستنی مامۆستایان به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچونی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و خوێندن، هه‌روه‌ها له‌ خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان دژی سته‌م و دیكتاتۆریه‌ت بۆ به‌دی هێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی، مامۆستایان قوربانیی زۆریان داوه‌، له‌ ئاست ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان بونه‌ته‌وه‌، مامۆستایان پێشمه‌رگه‌ ئاسا سه‌نگه‌ری فێركردنیان به‌رنه‌داوه‌ وخزمه‌تیان به‌ نه‌وه‌كانی كوردستان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌موو كات جێگه‌ی به‌رزنرخاندنه‌ و له‌ په‌ڕه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك سه‌روه‌ری تۆمار ده‌كرێت.

ئه‌ركی مامۆستایان له‌ په‌روه‌رده‌ و هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیر و ڕۆشنفیكر ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ بۆیه‌ ده‌بێت به‌هه‌موو لایه‌كمان و به‌تایبه‌ت ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت پاڵپشت و هاوكاریان بین له‌ خزمه‌ت كردنی میلله‌ته‌كه‌مان.

دووباره‌ پیرۆز بێت و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین.
 
 
قوباد تاڵه‌بانی
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران
15ی ئایاری