حكوومه‌تی هه‌رێم ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز ده‌كات

16 ئایار 2017

   


هەولێر-KDP.info-  له‌ یادى دامه‌زراندنى یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

له‌ یادى 55 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا، به‌گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و ته‌واوى مامۆستایانی به‌ڕێزى كوردستان ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ى ئه‌م بۆنه‌یه‌ ببێته‌ هانده‌رێك بۆ خه‌باتی به‌گوڕترى پیشه‌یی و مه‌ده‌نیی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتری مامۆستایان و كوردستان.
له‌م یاده‌دا، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و به‌رگه‌گرتنى جوامێرانه‌ى مامۆستایان، ئه‌وانه‌ى وێڕاى هه‌موو دژوارى و سه‌ختییه‌كان، نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ په‌كى بكه‌وێت ده‌ڕوانین، كه‌ به‌ گیانێكى پێشمه‌رگانه‌وه‌ ڕه‌فتاریان كرد و له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامۆستایانى كوردستان و یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و قۆناغه‌كانی تێكۆشاندا سه‌ربه‌رزانه‌ تۆماریان كردووه و له‌م پێناوه‌دا شه‌هید و قوربانیشیان داوه‌‌. ئه‌مڕۆش مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان بووه‌ته‌ ڕێكخراوێكى دیارى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى سه‌نگین و سنوورى ڕێكخراوێكی لۆكاڵی تێپه‌ڕاندووه‌.
له‌ یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وێڕای هه‌موو كێشه‌ و سه‌ختییه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بایه‌خدانی زیاتر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ژیان و گوزه‌رانێكی گونجاوتر كه‌ شیاوى پێگه‌ و ئه‌رك و ڕۆڵی پڕ بایه‌خیان بێت، بۆ مامۆستایان دابین بكات. مامۆستایانی دڵسۆز كه‌ سه‌لماندییان له‌ هه‌موو دۆخه‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌كاندا نموونه‌ی خۆڕاگرین و له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی ئێستا و داهاتوویه‌كى گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانمان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵ ناده‌ن.
دووباره‌ ئه‌م یاده‌ پیرۆز بێت، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و تواوى مامۆستایانى كوردستان ده‌خوازین.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
15/5/2017