پارێزگارى كه‌ركوك به‌شدارى ئاهه‌نگى يادى 55 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستان ده‌كات

16 ئایار 2017


دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پارێزگارى كه‌ركوك ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15-5-2017 به‌شدارى ئاهه‌نگى يادى دامه‌زراندنى يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستانى كرد كه‌ له‌ هۆڵى چالاكييه‌كانى خوێندنگاكان دا به‌ڕێوه‌چوو.

يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستان وه‌ك ڕێزلێنان ملوانكه‌ى تايبه‌تى يه‌كێتييه‌كه‌يان به‌ دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) به‌خشى له‌ پاى پشتيوانى به‌رده‌وامى به‌ڕێزيان له‌ مامۆستايان و كارمه‌ندانى بوارى په‌روه‌رده‌ به‌تايبه‌تى مامۆستايانى شارى كه‌ركوك كه‌ له‌سه‌ر ميلاكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستانن.

لاى خۆيه‌وه‌ پارێزگارى كه‌ركوك ستايشى ڕۆڵى مامۆستايانى كرد له‌به‌رز كردنه‌وه‌ى ئاستى خوێندن و خزمه‌ت كردنى خوێندكاراندا له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ى ئابوريدا و ته‌ئكيدى كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆڵ و چالاكييه‌كانى مامۆستايان ده‌ستكه‌وتێكى ترى شارى كه‌ركوكه‌.

دواتر له‌ لێدوانێكدا بۆ ميدياكاران دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) ستايشى قاره‌مانێتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كرد و جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌وه‌ى له‌ سايه‌ى قوربانييه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاهه‌نگه‌ ساز كراوه‌ و هه‌موان له‌ كه‌شێكى ئارام دا ده‌ژين و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ خوێنى گه‌شى شه‌هيدانمان بوه‌ته‌ مايه‌ى به‌رده‌وامى ژيان و پاراستنى سه‌روماڵى هاوڵاتييان و ئاواره‌كان و ته‌ئكيشى كرده‌وه‌ له‌ گرنگى په‌له‌ كردن له‌ ئازاد كردنه‌وه‌ى حه‌ويجه‌ و ده‌وروبه‌رى ئه‌گه‌ر چى تا ئه‌م ساته‌ پلانێكى ڕوون له‌ ئارادا نيه‌ بۆ ده‌ست پێكردنى ئه‌و پرۆسه‌يه‌.